کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکاتەوە؟

ڕاپۆرت 20/05/2020

Alternate Text

لە ئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زیادیکردووە، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمیش رایگەیاند، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ ٤٣٠٠ مێگاوات زیادی کردووە، بەڵام ئەوان تەنیا ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبایان هەیە، بەمەش ئێستا ١٨٠٠ مێگاوات کارەبا کورتهێنانیان هەیە، هەربۆیە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بەهاوڵاتیان کەمیکردووە، ئەگەر خواست زیاتر بکات لەسەر بەکارهێنان، کاتژمێرەکانی کارەبای زیاتر کەمدەکات.

لەگەڵ گۆڕینی وەرزەکان خواستی بەکارهێنانی کارەبا لە لایەن هاوڵاتییانەوە زیادە دەکات، بەتایبەت لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوێن و زستان، بەهۆی بەکارهێنای ئامێرە کارەباییە فێنکەرەوە و گەرمکەرەوەکان، بەمەش بڕێ پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان کەم دەکات.

لە چەند ڕۆژی رابردوودا وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەكەینەوە كە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی سوتەمەنی و ئەنجامدانی چاكسازیی لە چەند یەكەیەكی وێستگەكانی غازی هەولێرو چەمچەماڵ و راوەستانی وێستگەی كارەبای خەبات بەهۆی كۆرۆناوە كە ستافی كۆمپانیاكە نەیانتوانیوە لە وڵاتی كۆریاوە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ٣٢٠٠ مێگاواتەوە بۆ ٢٥٠٠ مێگاوات كارەبا كەم بووتەوە، و پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان کەمدەکات.

ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان  بە ( BMC) راگەیاند، "وێستگەکانی کارەبای هەرێم  توانای بەرهەمهێنانی ٦٧٠٠مێگاوات کارەبای نیشتمانیان هەیە، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی سووتەمەنی و کارکردن لە چەند یەكەیەكی وێستگەكانی غازی هەولێر و چەمچەماڵ، وەستانی وێستگەی كارەبای خەبات بەهۆی كۆرۆناوە، بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە".

لەبارەی ئاستی بەرهەمی کارەبا و خواستی بەکارهێنانی، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "رۆژانە ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێندرێت، ئێستا خواست لەسەر بەکارهێنانی ٤٣٠٠ مێگاواتە و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لەزیادبووندایە".

باسی لەوەشکرد بۆ چارەسەری ئەو کورتهێنانە، "وەزارەتی کارەبا لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵە، بە تایبەتی بۆ گەڕانەوەی ستافە کۆرییەکەی وێستگەی كارەبای خەبات، کە بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە نەیانتوانیوە لە كۆریای باشوور بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان. هەروەها خەریکی چاكسازین بۆ ئەو وێستگانەی لەکارکەوتوون".

لە بارەی داهاتی وەزارەتی کارەباشەوە رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی لە هاوبەشەکانی کارەبا وەردەگیرێت زۆر کەمتر لە بڕی خەرجی وەزارەتی کارەبا، جگە لەوەش هاوڵاتیان لە کاتی خۆیدا پارەی کارەبا نادەن، بۆیە ئێستا هاوڵاتیان نزیکەی یەک ملیار دینار پارەی کارەبا قەرزداری حکومەتن.

لەنێوان ٪٣٠ بۆ ٪٥٠ کارەبای هەرێمی کوردستان بە فیڕۆ دەچێت، کە بەشێکی بەهۆی کۆنی تۆڕەکانی گواستنەوەیە و بەشێکی بەهۆی سەرپێچییە لەسەر تۆڕەکانی کارەبا.

هەر لەو بارەیەوە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنه‌ى وزه‌ وسامانە سروشتیه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان بە (BMC) راگەیاند، حکومەت پارەیەکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و بڕی پارەی پێویست نادات بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ سیانەکردن و چاکردنەوە و پێویستی وێستگەکان و بەمەش توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکان کەمدەکات و دواجار پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانیش بۆ هاوڵاتیان کەمدەکات.

لەبارەی چارەسەری کێشەی کارەباشەوە ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، لە ئیستادا نرخی نەوت زۆر دابەزیوە و ئەگەر حکومەت بیدات بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان و پاڵاوتنی بۆ بکرێت و گازوایلەکەی بدات بە وێزگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، نرخەکەی لەسەر حکومەت کەمتر دەکەوێت و کارەباش باشتر دەبێت، بەڵام حکومەت ئەوە ناکات و حەقی کۆمپانیاکان نادات بۆیە کارەباش وای لێهاتووە، وتیشی، ئەگەر ئەو وێستگە غازییەی بەرهەمهێنانی غازی دانا غاز نەبوایە ئێستا ئەو کارەبایش نەدەبوو کە هەیە.

سالار حسامەدین، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی بە (BMC) راگەیاند، " بەرنامەی كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكانمان بۆ ٢٤ کاتژمێر لە شەو رۆژێکدا گۆڕیوە، و دەبێت لە ئێستا بەدواوە مۆلیدە ئەهلیەكان ٢٤ کاتژمێر ئامادەی كارکردنبن و لە هەرکاتێکدا کارەبای نیشتیمانی کوژایەوە، مۆلێدەکانیان ئیشپێبکەن".

بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە لە کارەی نیشتیمانیدا، حکومەت پەنادەباتە بەر مۆلیدە ئەهلییەکان، بەڕێوەبەری کارەبای شارەکان داوایان لە مۆلیدە ئەهلییەکان کردووە کە دەبێت ٢٤ کاتژمێر ئامادەبن بۆ ئیشپێکردنی مۆلیدەکانیان، لە هەرکاتێکدا کە کارەبای نیشتیمانی دەکوژێتەوە.

بەپێی راپۆرتی بانکی جیهانیی بۆ ریفۆرمی ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی بودجەی ساڵانەی وەبەرهێنان و خەرجی کارەبا ٣.٢٥ ملیار دۆلارە، کە ٥.٢ ملیار دۆلاری خەرجی بووە، بەڵام داهاتی وەزارەتی کارەبا زۆر کەمترە لە بڕی تێچووەکەی.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا