وەزارەتی ناوخۆ وردەکاریی چۆنیەتی چوونی دالیا مەحموود بۆ تورکیا بڵاودەکاتەوە

کوردستان 22/07/2020

Alternate Text

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەنراوێکدا، وردەكاریی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان و "بە قاچاخ رۆیشتنی"  بۆ توركیا بڵاوکردەوە.

لەراگەینراوەکەدا کە بەرواری ئەمڕۆ چوارشەممەی لەسەرە هاتووە، "دوای بەدواداچونی دەزگا ئەمنییەکان لە سەر چۆنێتی رۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ تورکیا ، توانرا لە ڕێگەی  کەفیلی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان بە ناوی (بەیار ئەحمەد سەعید) کە بازرگانێکی دانیشتوی دهۆکە، زانیاریی زیاتر  بەدەستبخەین و راستییەکانی پەڕینەوەی دالیا مەحمود موسلیم بۆ ناو خاکی تورکیا بخەینەڕو."

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردوە، بەیار ئەحمەد سەعید، کە دانیشتوی شاری دهۆكە و كاری بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكات، چۆنیەتی گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز و دواتر بە قاچاخ ڕۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ توركیا ئاشکراکردووە."

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ:

دوای بەدواداچوونی دامودەزگا ئەمنییەکان لە سەر چۆنێتی ڕۆیشتنی  دالیا مەحمود موسلیم بۆ تورکیا ، توانرا لە ڕێگەی کەفیلی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان بە ناوی بەیار ئەحمەد سەعید کە بازرگانێکی دانیشتووی دهۆکە ، زانیاریی زیاتر  بەدەستبخەین و ڕاستییەکانی پەڕینەوەی دالیا مەحمود موسلیم بۆ ناو خاکی تورکیا بخەینەڕوو.

بەیار ئەحمەد سەعید، کە دانیشتووی شاری دهۆكە و كاری بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكات، چۆنیەتی گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز و دواتر بە قاچاخ ڕۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ توركیا باس دەكات.

بەیار، نزیكایەتی و پەیوەندی لەگەڵ ماڵباتی سەلامی یەڵماز هەبووە، لەكاتی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان، بەیار لەسەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز دەبێتە كەفیلی و لەگەڵ سەلامی یەڵماز، لە ماڵەكەی خۆی دەیانحەوێنێتەوە.

دوای گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز بۆ توركیا، دالیا لە ماڵی بەیار دەمێنێتەوە و دواتر لە سەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز بە رێگەی قاچاخ دەینێرێتە توركیا. بەیار، دالیا‌ دەداتە دەست ئەو قاچاخچییەی كە ماڵباتی سەلامی یەڵماز بۆیان دەستنیشان كردووە و لەگەڵی رێككەوتوون.

دوای گەیشتنی دالیا بە ماڵباتی سەلامی یەڵماز، وەك لە وێنەكان دەردەكەوێت،  پەیوەندی بەیار لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبێ‌ و ماڵباتی سەلامی بە (بەیار)یان راگەیاندووە کە سەلام و دالیا بە سەلامەتی بەیەکەوە گەیشتن و  خۆیان ڕادەستی پۆلیسی شاری مێرسینی توركیا كردووەتەوە و دەشیانەوێت دوای خۆناساندن بە پۆلیس ژیانی هاوسەرگیری پێكبهێنن و بەیەکەوە بژین.

وەک لە پەیوەندییە ڤیدیۆکەشدا دیارە ، سەلامی یەڵماز بە ئاشکرا بە بەیار ئەحمەد ڕادەگەیەنێت کە دالیا لە ڕێگەی قاچاخ دەرباز بووە و و هاتووەتە لای پیاوەکەی و پەیوەندیی بە هیچ کەسەوە نییە و خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا کردووە لە مێرسین و تەنیا خۆی و دالیا ئەو کارەیان ئەنجام داوە.

بەداخەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکانێک ویستیان ڕاستییەکان بشێوێنن و بازرگانی بەم بابەتەوە بکەن . ئێمە لە کاتێکدا ئەو زانیارییانە دەیخەینەڕوو ، دووبارە ئامادەیی خۆمان بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی زیاتر لەمبارەیەوە دەردەبڕین. هیوادارین چیتر ئەم بابەتە بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێنرێت و واز لە  ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی دالیا مەحمود و سەلامی یەڵماز بهێنرێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
2020/7/22

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا