قوباد تاڵەبانی و مستەفا كازمی لە كۆبونەوەدان

کوردستان 08/09/2020

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەدان.

بەپێی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەدان.

هاوکات پێدەچیت کۆبوونەوەکەی قوباد تاڵەبانی و مستەفا كازمی تایبەت بێت لەسەر بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی بودجەی حکومەتی عێراق لەساڵی داهاتوودا.

پێشتریش سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند "لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە ‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان، بە‌تایبە‌ت پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و چۆنییە‌تی جێگیركردنیان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە‌ڕێوە‌چووە.

سە‌میر ھە‌ورامی وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان.

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئە‌وە‌شی راگە‌یاند، كە‌ چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە سەرەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌ بكرێت.

 ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا، كە‌ حكومە‌تی ھە‌رێم ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی و نا نە‌وتی و داھاتی دە‌روازە‌ سنورییە‌كان.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا