سایتی (BMC) زانیاری نوێ لەسەر کوژرانی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ بڵاودەکاتەوە

کوردستان 15/09/2020

Alternate Text

قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژە بەوەدەكات لەڕێگەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ئیدارییەوە لەهەوڵی ئەوەداین كە باوكی ئەو كچەی هەفتەی پێشوو تەرمەكانیان بە كوژراوی دۆزرانەوە، خۆی ڕادەستی یاسا بكات و هاوكات برا و كەسە نزیكەكانیشی بەڵێنی ئەوەیان پێداوین كە هاوكارمان بن لە دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە بۆیە چاوەڕێ‌ دەكەین باوكی دوو كچەكە خۆی رادەستی دادگا بكات.

رەمەك رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بە (BMC) راگەیاند، "هەر لە یەكەم ساتی ئاشكرابوونی ئەو تاوانە نەخوازراوەی بەرامبەر بەو دوو خوشكە كرا لە سنورەكەماندا هەموو هەوڵەكانمان خستوەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری ئەو تاوانە، كە تا ئێستا تەنها باوكیان تۆمەتبارە بە كوشتنی كچەكان هاوكات كەسوكاری كچەكان هاتوونەتە لامان و ئەوەیان دووپاتكردوەتەوە كە دژی ئەنجامدانی وەها تاوانێكن کە لە لایەن باوكیانەوە ئەنجامدراوە.

رەمەك رەمەزان دەشڵێت، "لە رێگەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییە ئیدارییەكانمانەوە لە هەوڵی ئەوەداین باوكی ئەو دوو كچە بدۆزینەوە و ڕووبەڕووی دادگای بكەینەوە یاخود خۆی رادەستی یاسا بكات، بۆ ئەو مەبەستەش كەسوكارەكەی بەڵێنیان داوە كە لە هەرشوێنێك باوكی ئەو دووكچە ببینن رادەستی بكەن، بۆیە چاوەڕێ‌ دەكەین ئەو تۆمەتبارە خۆی ڕادەستی یاسا بكات.

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوەی تا ئێستا یەكلابووەتەوە ئەوەیە كە ئەو دوو كچە سكاڵایان لەسەر باوكیان تۆماركردووە بۆ ماوەیەكیش چوونەتە شێڵتەرێكی داڵدەدان لە سلێمانی، بەڵام دواتر باوكی كچەكان بەڵێننامەی داوە بە دادوەر كە كچەكانی بپارێزێت بەڵام راستگۆ نەبووە لە بەڵێنەكەی، بۆیە رۆژانە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش چاودێری دۆخەكە دەكەن و تائێستاش نازانین ئەو تۆمەتبارە لە چ شوێنێك خۆی حەشارداوە.

وتەكانی قایمقامی چەمچەماڵ لەكاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو دوو كچی تەمەن ١٧ ساڵ و ١٩ ساڵ لە گوندی برایم ئاغای ناوچەی شوان كوژران و تەرمەكانیان شاردرابوونەوە، لەدوای پشكنین و توێكاری بۆ تەرمەكان كەسوكاریان ئامادەنەبوون وەریبگرنەوە، بۆیە لەلایەن ئیدارەی چەمچەماڵەوە و هاووڵاتییانەوە بەخاكسپێردرانەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا