روونكردنەوەیەك لەوەزارەتی كارەباوە

کوردستان 04/10/2020

Alternate Text

سەبارەت بە تایبەتكردنی سێكتەری كارەبا، وەزارەتى کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو بابەتە لەژێر چاودێرى وەزارەتى کارەبا و بەسەرپەرشتى ئەوان دەبێت و نرخى کارەباش لەسەر هاوڵاتیان زیاد ناکرێت.

لە روونکردنەوەکەى وەزارەتى کارەبادا کە وێنەیەکى دەست دیجیتاڵ میدیاى BMC کەوتووە ئاماژە بەوەکراوە، هەندێك لەدەزگاكانی راگەیاندن هەواڵ و راپۆرت سەبارەت بەتایبەتكردنی سێكتەری دابەشكردنی كارەبای نیشتمانی بڵاودەكەنەوە كە بووەتە هۆی دڵەراوكێ و پرسیار لای هاوبەشانی كارەبا، وەزارەتی كارەبا بۆ بەرچاو روونی هاوڵاتیان بەپێویستی دەزانێت ئەم چەند زانیارییانەی خوارەوە بڵاوبكاتەوە.

بەتایبەتكردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی كارەباوە چاودێریی و سەرپەرشتی دەكرێت و دەبێتە هۆی باشتر كۆنترۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا و نرخی كارەباش لەسەر هاوبەشان زیاد ناكرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، بە تایبەتکردنى سێکتەرى کارەبا دەبێتە هۆى  كەمكردنەوە و نەهێشتنی سەرپێچییەكانی كارەبا، بەمەش دادپەروەریی لە دابەشكردنی كارەبا زیاتر دەستەبەر دەكرێت و بەفیڕۆدان و پاڵەپەستۆى سەر محاویلەکان کەمدەبێتەوە، بەوەش کاتژمێرەکانى پێدانی كارەبای نیشتمانی بەتایبەتی لەهەردوو وەرزی هاوین و زستان دا زیاد دەکات.

هەر لە روونکردنەوەکەى وەزارەتى کارەبادا هاتووە، بە رێژەی لە ٧٠%ی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا لەو سێكتەرە بەتەواویی ئیمتیازاتەكانیانەوە كار دەكەن و كۆمپانیاكان پابەند دەبن بەدابینكردنی موچەكانیان لەكاتی خۆیدا.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژى رابردوودا لەلایەن بەرپرسانى وەزارەتى کارەباوە باس لەوەکرا سێکتەرى کارەبا دەدرێتە کەرتى تایبەت و بەوەش پێویستە هاوڵاتیان مانگانە لەکاتى خۆیدا پارەى کارەبا بدەن، ئەوەش بووە هۆى دڵەراوکی و نیگەرانى لاى هاوڵاتیان.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا