کەرکوک.. دە هەزار پارچە زەوى دابەشدەکرێت

کوردستان 12/10/2020

Alternate Text

پارێزگارى کەرکوک بڕیاریدا ١٠ هەزار پارچە زەوى ٢٠٠ مەترى بەسەر رۆژنامەنوسان، پزیشک و کارمەندى تەندروستى، ئەندازیاران ، مامۆستایان و خانەنشیناندا دابەشبکات.

 بە پێى نوسراوێکى پارێزگاى کەرکوک کە ئاراستەى شارەوانى شارەکە کراوە، راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک داواى لە شارەوانى ئەو شارە کردووە ١٠ هەزار پارچە زەوى ٢٠٠ مەترى ئامادە بکات بۆ دابەشکردن بەسەر چەند توێژێکى خەڵکى کەرکوکدا، ئەوانیش رۆژنامەنوسان، پزیشک و کارمەندى تەندروستى، ئەندازیاران ، مامۆستایان و خانەنشینان.

لە نوسراوەکەى پارێزگاى کەرکوکدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بە هەماهەنگى لەگەڵ شارەوانى و تاپۆ و بەڕێوەبەرایەتى پلان دانانى شارەکە، لیژنەیەک بۆ روپێوى و ئامادەکردنى ئەو زەوییانە پێکدەهینێت و لەماوەى ١٥ رۆژدا کاروبارە لۆجستى و ئیدارییەکان تەواودەکەن.

لە بارەى شوێنى جوگرافى ئەو زەویانەشەوە کەبڕیارە ئیفراز و دابەشبکرێن، ئاماژە بە زەوییەکانى دەوروبەرى زانکۆى کەرکوک کراوە.

لاى خۆشیەوە مەهدى زریان بەرپرسى سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان لقى کەرکوک، رەخنەى لەو بڕیارەى پارێزگارى کەرکوک گرت و رایگەیاند، پێدانى زەوى بە رۆژنامەنوسانى کەرکوک نادادى تێدایە، چونکە بە پێى نوسراوەکەى پارێزگار، بڕیارەکە  تەنها ئەو رۆژنامەنوسانە دەگرێتەوە کە سەر بە سەندیکاى رۆژنامەنوسانى عێراقن و رۆژنامەنوسانى سەر بە سەندیکاى کوردستان ناگرێتەوە.

زریان مەهدى ئاماژەى بەوەشکردووە، نزیکەى ٨٠٠ رۆژنامەنوسى سەر بە سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان لە کەرکوک هەن و ناکرێت ئەوانە بێ بەش بکرێن لەو بڕیارە، وتیشى، ئەگەر بڕیارەکە بەمشێوەیەى ئێستا جێبەجێ بکرێت، ئەوان خۆپیشاندان دەکەن و دژى دەوەستنەوە.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا