لەنێوان پارتی و حەشدی شەعبی چی روودەدات؟

ڕاپۆرت 17/10/2020

Alternate Text

بەیانی رۆژی شەممە ١٧ی تشرینی یەکەم، ژمارەیەک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی رژانە بەردەم لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان، جگە لە ئاگربەردان لە بارەگاکە، ئاڵای کوردستان و پارتی دیموکراتیان سوتاند و ئاڵای حەشدیان لەسەر بیناکە هەڵکرد.

هەرچەندە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو، بەڵام هەربە خێرایی کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە پارتی بێ ئاگا نەبوو لەو رووداوانەی کە روودەدەن.

سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حەشدی شەعبی بە دیاریکراوی دەگەڕێتەوە بۆ رووداوەکانی ٣٠ی ئەیلول، کاتێک ژمارەیەک مووشەکی جۆری کاتیۆشا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتە خوارەوە.

راستەوخۆ و دوای رووداوەکە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و بە دیاریکراویش میدیاکانی پارتی پەنجەی تۆمەتیان بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی درێژ کرد.

 

لە یەکێک لە کاردانەوەکانی هێرشەکەدا، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، هێرشەکە لیوای ٣٠ی هێزەکانی حەشدی شەعبی لێی بەرپرسن، ئەو شوێنەی موشەکەکانی لێوە ئاراستەکراوە، لەژێر دەسەڵاتی ئەواندان.

لەدوای ئەو لێدونانە، هێزەکانی حەشدی شەعبی توڕەییان دژی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان زیادیکرد، بەڵام خۆیان بە دوورگرت لە هەموو جۆرە لێدوانێکی توند.

هێزەکانی حەشد لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، خۆیان لیژنەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە و دواتر ئەنجامەکانی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.

لەدواتر و لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا لە کەناڵی ئەلحورەی عێراقی هۆشیار زێباری دەرکەوتەوە، ئەم جارە لە بەشێک لە وتەکانیدا وتی" ئەو هێزانەی هێرشیان کردە سەر هەولێر، هەمان ئەو هێزانەن کە هێرش دەکەنە سەر نێردە دیبلۆماسییەکان".


لەدوای ئەم لێدوانانەی زێباری، لایەنگرانی حەشد لە بەغداد چەندین جار هۆشداریان دایە  پارتی بە هێرشکردنە سەر بارەگاکانیان، تا ئەو کاتەی هێرشەکەیان ئەنجامدا و ئاگر لە بارەگاکەی پارتی بەردرا.

بەڵام لەدوای ئەنجامدانی هێرشەکان و دروستبوونی پشێوی لە ناوچەکە، هۆشیار زێباری، لە کەناڵی عەهد، کە بە کەناڵی نزیک لە قەیس خەزعەلی سەرکردەی دیاری ناو حەشدی راگەیاند، کێشە لە دەربڕینی قسەکانیدا بووە و هاوکاری نەبووە.
وتیشی: پەیوەندی مێژووییان لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و تێکۆشەرانیدا هەیە. حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەستورییە و نکولی لە هەوڵەکانی ناکرێت لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا." 

لەدوای ئەم وتانەی زێباری حەشدی شەعبیش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەکارهێنانى توندوتیژى و تێکدان ڕەت دەکەنەوە بەهەر جۆرێک بێت، داوایشیکردووە،هەمووان پارێزگارى لە شکۆى دەوڵەت و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتى بکەن و رێزى پیاوانى ئاسایش بگرن لەم بارودۆخە هەستیارەدا.

دروستبوونی ئەم ناکۆکی و لێدوانانە لە کاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان، لێدوانێکیان بە ناوی کیفاح مەحمود، راوێژکاری مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، حیزبەکەیان پاڵپشتی حیزبەکەی کازمی دەکات، لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق کە بڕیارە لە ٦ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

 

ئەوەی وەک پرسیار ماوەتەوە، ئایا هێرشەکەی لایەنگرانی حەشد بەراستی  بەهۆی لێدوانەکانی زێبارییەوەیە؟ یان ترسانە لەو لایەنگیرییەی پارتی بۆ کازمی دەردەبڕێت، لە پەراوێزی رووداوەکاندا پەیوەندییەکانی کازمی و پارتی بە کوێ دەگەن؟لە کۆتاییدا رووداوەکانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەنەوە.


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا