فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەهەماهەنگی وەزارەتی رۆشنبیری بەنیازە کۆمەڵێک رێوشوێن بگرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە فەرمانگەی میدیا و زانیاری و بەڕێوبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن لە هەرێم کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە رێوشوێنەکانی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاتر پابەندبوونیان بە رێنماییە تەندروستییەکان.
بەمەبەستی کەمکردنەوەی قوربانییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەچەند مانگی داهاتوودا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا دەستەیەک بە هاوبەشی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وەزارەتی رۆشنبیری و کەناڵەکانی راگەیاندن پێکبهێنرێت و رێنماییە خۆپارێزییەکان زیاتر بکرێن.