‎بریكاری وەزارەتی ناوخۆ: لە بڕیارەكانماندا ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لەبەرچاودەگرین

کوردستان 24/10/2020

Alternate Text

بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەدیدارێكیدا لەگەڵ دامودەزگا و نوێنەرى لایەنە پەیوەندیدارەكان لەدەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ، ڕایدەگەیەنێت، لە بڕیارەكانماندا ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لەبەرچاودەگرین و دەشڵێت، " هەركەس كێشە و ئاستەنگ دروست بكات ڕووبەڕووى یاسای دەكەینەوە".

چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و فەرماندەی لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و بەرێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن و سەرۆكی سەندیكای شۆفێران لە باشماخ لەگەڵ ئەنجومەنی شۆفێرانی دەروازەكە كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، بەوردى كێشەكانى شۆفێرانى ئۆتۆمبێلى(تاك و بارهەڵگرى گەورە) گفتوگۆى لەسەر كرا و دواتر ڕێوشوێنى پێویست بۆ چارەسەركردنیان دیاریكرا، لاى خۆشیەوە، بریكارى وەزارەتى ناوخۆ بە جەختكردنەوە لەپێویستى جێبەجێكردنى خاڵە چارەسەرییەكان لەلایەن دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان، باسیلەوەكرد "كە لەهەموو هەنگاو و بڕیارەكانماندا بەرژەوەندى گشتى و ژیان و گوزەرانى ئێوەى شۆفێران و هاوڵاتیان لەبەرچاو دەگرین".

چەتۆ ساڵح، لە بەشێكى دیكەى قسەكانیدا، ڕاشیگەیاند: رێگا بەهیچ كەس نادەین لەدەرەوەى یاسا و رێوشوێنى كارگێڕى، دەستوەردان لەكاروبارى دەروازە سنورییەكان بكات، دەروازەى باشماخ-یش بەپێی یاساو بەڕێكەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كارەكانى رێكخراوە و
بەرێوەدەبرێت، بۆیە هەركەس كێشە و ئاستەنگ دروست بكات ڕووبەڕووى یاسای دەكەینەوە، لەو ڕوانگەیەوە دەبێت شۆفێران و كاسبكارانى دەروازەكانیش تەنها بەرژەوەندى كەسى خۆیان نەبینن، بەڵكو دەبێت زیادەڕۆى بۆ سەر بەرژەوەندى گشتى نەكەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا