پسپۆڕێکى پەروەردەیى: کردنەوەى خوێندنگە ئەهلییەکان و داخستنى حکومییەکان دادپەروەریی نییە

کوردستان 26/10/2020

Alternate Text

وەزیری پێشووتری پەروەردەى هەرێم و پسپۆڕى بوارەکە رایگەیاند، ئەگەر هۆکارەکە کۆرۆنایە، ناکرێت خویندنگە ئەهلییەکان بکرێنەوە و حکومییەکانیش بە داخراوى بمێننەوە، وتیشى ئەوە دادپەروەری نییە و بابەتى چینایەتى زەق دەکاتەوە.

 دڵشاد عەبدولرەحمان وەزیرى پێشووترى پەروەردەى هەرێم بە BMC راگەیاند، ئەم دۆخەى ئێستا پەروەردەى تێکەوتووە لە ماوەى ١٠ ساڵى رابردوودا هاوشێوەى نەبووە و كەرتی پەروەردە وەكو زۆربەی كەرەتەكانی دیكە لەدۆخێكی هەرە دژوار و سەخت دایە، وتیشى ناکرێت بە بیانووى کۆرۆناوە خویندنگە حکومییەکان دابخرێن و ئەهلییەکانیش دەوام بکەن، ئەگەر بابەتەکە کۆرۆنایە دەبێت وەزارەتى پەروەردە بڕیارەکانى گشتگیر بێت و بە یەک شێواز مامەڵە لەگەڵ خوێندنى حکومى و ئەهلیدا بکات.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئاسۆیەكی تەواولێڵ چاوەڕوانی کەرتى پەروەردە دەكات و كاریگەرییە خراپەكانی ئەم دۆخەی ئێستاى پەروەردە، لەداهاتوودا دەردەكەوێت، "لەم نێوەندەش خوێندكار دەبێتە قوربانی هەروەها كۆمەڵگەش دەبێتە قوربانی چونكە ئەم قوتابییە دابڕاو نیە لەم كۆمەڵگەیە".

وەزیرى پێشووترى پەروەردە وتیشى، چارەسەر ئەوەیە حكومەتی هەرێم زۆربەجدی بیر لەبەدیل بكاتەوە، ئەم هەنگاوەی كە لەماوەی رابردوو ناویەتی هەڵەیە كە بەدوو مانگ یان خود سێ مانگ موچەیەك بدەیتە مامۆستا و داواشی لێبكەیت بچێتە سەر وانەكانی.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەک زۆربەى بوارەکانى دیکە، کەرتى پەروەردەش هاوڵاتیانى هەرێمى بۆ دوو چینى دیارى کومەڵگە دابەشکردووە، بە جۆرێک بە شێک لە منداڵانى کوردستان بەهۆى خراپى کوالێتى خوێندن لە ناوەندە حکومییەکاندا روو دەکەنە خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان و تێچوویەکى زۆریش لەو بوارەدا خەرجدەکەن، لەبەرامبەردا منداڵى هەژاران و چینى فەرمانبەرى ئاسایى کە زۆرینەى دانیشتووانى هەرێم پێکدەهێنن بەناچارى لە خوێندنگە حکومییەکاندا ماونەتەوە، ساڵانەش بەهۆى بایکۆتکردن و نەبوونى موچە و چەندین کێشەى دیکە خوێندن لە خوێندنگە حکومییەکان وەک پێویست نییە و ئەمساڵیش حکومەت بەمەبەستى رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا هێشتا دەرگاى خوێندنگە حکومییەکانى نەکردووەتە و لەهەمان کاتدا ماوەى دوو هەفتەیە دەوامى خوێندنگە ئەهلییەکان دەستیپێکردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا