بۆ بانگەشەکانیان بایدن و ترەمپ پەنا بۆ ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان دەبەن

دۆسیە 27/10/2020

Alternate Text

هەر یەکە لە دۆناڵد ترەمپ و جۆبایدن بۆ بانگەشەکانیان روو لە ویلایەت و ناوچە قەرەباڵغ و بەناوبانگەکانى ئەمریکا دەکەن، ترەمپ ئومێدێکى زۆرى بە هەرسێ ویلایەتى میشیگان، ویسکۆنسن و نبراسکا هەیە و زۆرینەى هەڵمەتى بانگەشەکانى لەو سێ ویلایەتەیە، هەرچى بایدنیشە بە پشتیوانى باراک ئۆباماى سەرۆکى پێشووى ئەمریکا لە ویلایەتەکانى فلۆریدا و جۆرجیا هەڵمەتەکانى بانگەشەى چڕ کردووەتەوە.

 میدیا جیهانییەکان بە شێوەیەکى ورد و بەردەوام چاودێرى هەڵمەتى بانگەشەى ئەو دوو کاندیدەى سەرۆکایەتى ئەمریکا دەکەن، لەوبارەیەوە ئاژانسى سکاى نیوز بڵاویکردەوە، بانگەشەکانى هەڵبژاردنى ئەمجارەى ئەمریکا و تەنانەت خودى پرۆسەى بەرێوەچوونى دەنگدانەکەش جیاوازە و هاوشێوەى لە مێژووى ئەو وڵاتەدا نەبووە، بەجۆرێک ئەم هەڵبژاردنە کە زۆرینەى وڵاتانى جیهان لە چاوەڕوانى ئەنجامەکەیدان، لە کاتى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسێکى کوشندەی جیهانیدایە کە خودى ئەمریکا لە ریزى پێشەوەى قوربانیانى ئەو ڤایرۆسەدایە.

بەو پێیەى لەبەر مەترسى پەتاى کۆرۆنا زۆرینەى خەڵکى بەشێوازى ئەلیکترۆنى و پێشوەختە دەنگەکانى خۆیان دەدەن، تا ئێستا چەندجارێک دۆناڵد ترەمپ مەترسى خۆى لەوبارەیەوە دەربڕیوە و رایگەیاندووە، دەنگدان لە رێگەى بەرید و پۆستەوە هەلى زۆرى ساختەکردن دەرەخسێنێت، لاى خۆشیەوە دامەزراوەکانى تایبەت بە هەڵژاردنەکانى ئەمریکا لە زانکۆى فلۆریدا ئاماژەیان بەوەکردووە، تا ئێستا زیاتر لە ٦٤ ملیۆن ئەمریکى لە رێگەى دەنگدانى پێشوەختەوە دانگیانداوە.

ئەمڕۆ جۆ بایدن لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانیدا رایگەیاند، هەرچەندە سەرکەوتن بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆکایەتى ئەمریکا ئاسان نییە، بەڵام ویلایەتى جۆرجیا سەریدەخەن، باراک ئۆباماى سەرۆکى پێشووى ئەو وڵاتەش ئەمڕۆ بۆ پشتیوانیکردنى بایدن چووە ویلایەتى مەیامى و دەستى بە بانگەشەى هەڵبژاردن لەبەرژەوەندى بایدن کرد، کە لە هەردوو خولى سەرۆکایەتییەکەى خۆیدا بۆ ماوەى هەشت ساڵ جۆبایدن جێگرى ئۆباما بوو.

هاوکات، ئاژانسی رۆیتەرز بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەی ئێبسوسدا راپرسییەکی لە شەش ویلایەتی یەکلاکەرەوەی ئەو وڵاتە کە بریتین لە  وسکۆنسن، پەنسلڤانیا، میشیگان، کارۆلینای باکور، فلۆریدا و ئەریزۆنا ئەنجامداوە و دەرکەوتووە بایدن بە جیاوازییەکی زۆرەوە لە ویسکۆنسن پێش ترمپی داوەتەوە و بە چەند دەنگێکی کەم لە پەنسلڤانیاش پێشی کەوتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ٤ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا بەڕێوەبچێت و هەر یەکە لە جۆبایدن لە دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئێستاى ئەو وڵاتە لە کۆمارییەکان کاندیدن بۆ پۆستى سەرۆکایەتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا