دانیمارک.. کچە نوسەرێکى کورد خەڵاتی لۆریاڵی زێڕینی پێ بەخشرا

کوردستان 20/11/2020

Alternate Text

سارا عومەر کە کچە نوسەرێکى کوردە لە وڵاتی دانیمارک  لە پای نوسینەکانی لەبوارەکانی ڕەخنەی ئەدەبی خەڵاتی لۆریاڵی زێڕینی پێ بەخشرا  .

سارا عومەر لە نوسینێکىیدا ڕایگەیاندووە، "خۆشحاڵم پێتان ڕابگەیەنم، کە بەرواری 18ی تشرینى دووەم لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی لۆریاڵی زێڕین، The Golden Laurel.م پێبەخشرا".
ئەمەی خوارەوە دەقی نوسینەکەی سارا عومەر خۆیەتی:

ئەمە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نووسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت. ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە. ئەمانە خەڵاتەکە بە کتێبێک دەبەخشن، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابێت. نووسەری براوە کەسێکە  زۆرترین خوێنەری ھەبووە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە. زۆرێک لە نووسەرە گەورەکانی دانیمارک ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە و ھەر نووسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

من کە دوێنی ئەو خەڵاتەم وەرگرت یەکەمین نووسەرێکم، کە پاشخانێکی کوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستم ھەیە. بەر لەمن ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەکەمین نووسەرێکی پەناھەندەم، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەکچۆن لە ھەمانکاتدا گەنجترین نووسەرێکم خەڵاتەکەم پێبەخشرابێت.

بەبۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێکی تر پێ لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ دابگرم، وەکچۆن لە وتارەکەی دوێنێمدا لە شاری کۆپنھاگن باسمکرد. لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگیی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو مامۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە ڕێزی لێبگرن. من وەک نووسەرێک ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین بەگشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەکانیدا بەتایبەتی، بێدەنگببم. ئەگەر ڕۆمانەکانی من مانایەکیان ھەبێت ئەوا لە بەرگریکردنییاندایە لەم ئازادییانە و لە ڕێگرتن لە سوکایەتیکردندا بە مرۆڤ، یان کورتکردنەوەی بۆ کەسێک کە خاوەنی ڕا و بۆچوونی خۆی نەبێت و تەنھا گوێیەک بێت بۆ بیستن و دووبارەکردنەوەی قسە و بۆچوونی گەورەکانی.

ئەدەبی من و خۆشەویستیم بۆ نووسین، بوون بە شمشێرێک دژ بە نادادپەروەریی و سەرکوتکردن. لە ھەمانکاتدا خوێنەرەکانم بوون بە سوپا و بەو جەنگاوەرانەی، کە هەمان جەنگی من درێژە پێدەدەن.

ئەوە ڕاستە کە کتێبەکانم بۆنی خوێنیان لێدێت، بەڵام خوێنی کێ؟ خوێنی ئەو ژن و کچانەی ڕۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لەدوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ ڕەوا نابینرێت.

من وەک نووسەرێک و وەک مرۆڤێک باوەڕی تەواوم بەوەیە، کە پێویستە ھەمیشە ڕووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت و پارێزراوبێت، ڕووبەرێک بۆ ئەو شێوازانەش لە ھونەر، کە سنوورەکان دەشکێنن و ناترسن لەوەی شتێک بڵێن قبووڵنەکراو بێت و زۆرینەی کۆمەڵگا نەیەوێت بیبیستێ و بیبینێت.

ھیوادارم ئەم خەڵاتە شتێک لە ئومێد و باوەڕ لەناو ئەو کچ و ژنانەدا بچێنێت، کە وەک من لە ڕۆژگارێکدا بێدەنگ و بێکەسایەتی کراون، بەڵام بەپێداگرتن لەسەر تەسلیمنەبوون و لەسەر بەرەنگاربوونەوە، دەبنە خاوەنی دەنگی خۆیان. دەنگێک، کە دەشێت دنیا بیبیسێت و دانی پێدابنێت.
ڕێز و خۆشەویستیم،
سارا عومەر

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا