وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت لە هەرێمی کوردستان تەنها ٢٠ حاڵەتی نەخۆشی ئایدز دەستنیشانکراوە کە ١٧یان بیانین.
بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز، وەزارەتی تەندروستی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە هەرێمی كوردستان لەم ساڵدا زیاتر لە ١٩٤ هەزار پشكنین بۆ ڤایرۆسی (HIV) كراوە. لەم ژمارەیە تەنها ٢٠حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی نەخۆشی ئایدز تۆمار كراوە، كە ١٧ لەوان بیانین.
ئاشکراشیکردووە، لە ساڵانی رابردووی زووەوە تا ئێستا ٣٠٥ حاڵەتی دەستنیشانكردنی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش کە تەنها ٥٢ تووشبوو لە هەرێمی كوردستان بوونە و ٢٥٣ حاڵەتیش بیانی بووە، وە بۆ ئەم مەبەستەش كاری پێویست ئەنجامدراوە.
هاوکات باسی لەوەشکردووە، داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست بە تایبەت چینی گەنجان دەكەین كە بەهۆی كرانەوەی هەرێمی كوردستان بە رووی ووڵاتانی دونیادا، خۆیان بەدووربگرن لە هۆكارەكانی توشبوون بەم نەخۆشیە و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەن.
كە بریتییە لە دووركەوتنەوە لە سێكسی لابەلا و ناشەرعی و بەكارنەهێنانی هەموو ئەوكەرەستانەی پیسن كە دەبێتە هۆی بریندار بوونی پێست بەم هۆیەوە ڤایرۆسەكە دەگوازرێتەوە.