مێژووی دامەزراندنی بانکی ناوەندی عێراقی و ئەو دەسەڵاتانەی پێیدراوە

ڕاپۆرت 20/12/2020

Alternate Text

دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، سیستەمی دراوی لە لایەن بەڕیتانیەکانەوە لە عێراق پەیڕەو کرا تا ساڵی ١٩٣١ کە دراوێکی هیندی بوو ئەویش بەهۆی ئەوەی عێراق و هیندستان وڵاتی ژێردەسەڵاتی بەڕیتانیا بوون و پێکەوە یەک جۆر دراویان بەکاردەهێنا.
 دواتر هەر لە ساڵی ١٩٣١دا دەستەی دراوی نیشتیمانی عێراقی لە لەندەن پێکهێنرا بەمەبەستی چاپکردنی دراوێکی عێراقی و پارێزگاری کردن لە یەدەگەکەی.
سەرەتا دراوە نوێیەکەی تایبەت بە عێراق لە کانزاکانی مس و نیکڵ و زیو بەرهەمدەهێنران کە لەسەر لایەکیان وێنەی مەلیک فەیسەڵ نەخشێندرابوو، کە یەکەم پاشای عێراق بوو، لە دیوەکەی دیکەشی ژمارەی دراوەکەی لەسەربوو.
دواتر و پاش ساڵێک یەکەمین دراوی عێراقی لە کاغەز دروستکراو ،لەسەر لایەکی ئەم دراوە کاغەزەبەهەمان شێوە وێنەی مەلیک فەیسەڵ نەخشێندرابوو لەگەڵ نوسینی عەرەبی، دیوەکەی دیکەشی نوسراوی ئینگلیزی لەسەر بوو ئەوەیش لەبەر ئەوەی لە هەموو جیهاندا بەکاردەهێنرا.
لەگەڵ چاپکردنی دراوی عێراقیدا، دراوی عانە و روبیەی هیندیش بەهەمان شێوە بەکاردەهێنران تا دواتر لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٢ مامەڵکردن تەنها بە دراوی عێراقییەوە بوو.
دەستەی دراوی نیشتیمانی سیاسەتێکی پارێزراوی پەیڕەودەکرد کە ببووە هۆی رێژەیەکی زۆر لە یەدەگ لە پشت دینارەوە و پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ پاوەندی بەڕیتانییدا ببووە هۆی زیاتر بەهێز کردنی بەهاکەی.
لە ساڵی ١٩٤٧دا بانکی نیشتیمانی عێراقی دامەزرا و دواتر و لە ساڵی ١٩٤٩ بووە شوێنگرەوەی دەستەی دراوی نیشتیمانی عێراقی، دواتر لە ساڵی ١٩٥٦ بانکی نیشتیمانی عێراقی گۆڕدرا بۆ بانکی ناوەندی عێراقی.
بەڵام لەم هەنگاوەدا، بانکی ناوەندی توشی خراپ بەڕێوەبردن بووەوە کە لە ئەنجامدا دراوێکی ناجێگیری بەرهەمهێنا بە ڕادەیەک بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە بۆڕسەی نێودەوڵەتیدا مامەڵە و ئاڵوگۆری پێوەنەکرا.
دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣، و لە ١٨ی ئاداری ئەو ساڵەدا، واتە رۆژێک پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بچنە ناو بەغداد، نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراقی دزرا، کە بە گەورەترین دزی لە بانک لە مێژوودا لەقەڵەم دراوە تا ساڵی ٢٠١١ کە لەو ساڵەدا ئەو تۆمارە شکێندرا.
دوای چەند رۆژێک هەر لەو مانگەدا، نوسراوێکی دەستنوسی سەدام حسێن بڵاوبووەوە کە تێیدا فەرمان کرابوو بە راکێشانی ٩٢٠ ملیۆن دۆلار و دانی ئەو بڕە پارەیە بە قوسەی کوڕی سەدام، بەوتەی کارەمەندانی بانکەکە لەو کاتەدا، قوسەی و کەسێکی دیکە سەرپەرشتی وەرگرتی پارەکەیان دەکرد و جۆری دراوەکە بە ١٠٠ دۆلاری راکێشرا و دەخرایە ناو سنوقەوە، دواتر بە بارهەڵگر گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
 بەڵام دواتر قوسەی لە ئۆپەراسیۆنێکدا کوژرا و شوێنەواری پارەکە دیارنەما. ئەمە بووە هۆی زیانێکی زۆر لە ئابووری و لە یەدەگی دیناری عێراقی.
دوای رووخانی رێژمەکەی سەدام حسێن، بانکی ناوەندی عێراقی وەکو دەزگایەکی سەربەخۆ ناسێندرا بە پێی یاسای بانکی ناوەندی، کە سەرمایەکەی پێکهاتبوو لە ١٠٠ ملیار دیناری عێراقی ،بە پێی یاساکە خاوەندارێتی ١٠٠٪ی سەرمایەکە دەگەڕایەوە بۆ حکومەت و توانای ئاڵوگۆڕ پێوەکردنی نەبوو.
بە پێی دەستوری عێراقی، حکومەتی فیدڕاڵی تەنها دەسەڵاتی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی هەیە، بەڵام بەپێی دەستوور  لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرپەرشتی و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
بەڵام لە ساڵی ٢٠١١ دا، دادگای باڵای عێراق بڕیاریدا بەوەی کە دەبێت بانکی ناوەندی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی بکرێت، بەڵام پارێزگاری ئەو کاتی بانکی ناوەندی هۆشداری دا لەبارەی ئەم هەنگاوە وتی دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆسەر سەربەخۆیی دامەزراوەکە.
بانکی ناوەندی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٤ پارێزگاری هەبووە کە کۆتاییان موستەفا غالیبە و لە ١٥ی ئەیلولی ئەمساڵەوە دەستبەکاربووە.
بانکی ناوەندی بنکەی سەرەکی لە بەغدادی پایتەختە و لە پارێزگاکانی بەسڕە و موسڵ و سلێمانی و هەولێر لقی هەیە، بەڵام لقەکانی سلێمانی تەنها لە رووی تەکنیکییەوە بە بنکەی سەرەکیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام لە رووی بەڕێوەبەردن و سەرپەرشتیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە و هەر خۆشی ئەرکی پارەدارکردن و تەرخانکردنی سەرمایەی لەسەرە.
ئایا بانکی ناوەندی بڕیار لەسەر نرخی خستنەڕووی دیناری عێراق دەدات؟
بەهۆی ئەوەی دەستوری عێراقی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی بانکی ناوەندی خستووەتە ئەستۆی ئەنجومەنی وەزیران، هەر بۆیە ئەنجومەنەکە و بە تایبەتی وەزارەتی دارایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کار و چالاکییەکانی بانکی ناوەندی لە ئەستۆ دەگرن هەر بۆ پێداچوونەوەی بڕیارێکی بانک و وەزارەت تەنها لە دەسەڵاتی ئەنجومەندایە.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا