"ماری جوانی بە قاچاخ هاوردەی هەرێم دەکرێت"

ڕاپۆرت 30/12/2020

Alternate Text

ئاژەڵێکی خشۆک و سامناکە و ترسی لە دڵی زۆربەی مرۆڤەکان دروستکردووە، بەڵام چەند ساڵێکە مار خۆشەویستی لای بەشیک لە هاوڵاتیانی هەرێم دروستکردووە وکڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، زۆربەشیان بە قاچاخ لە مەرزەکانەوە هاوردەی هەرێم دەکرێن.

کەیوان کامەران، بازرگانێکی ئاژەڵانی شاری سلێمانییە و زیاتر لە ١٠ ساڵە ماری جوانی لە وڵاتانی ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە دەهێنێتە هەرێم، ئەو بۆ BMC دەڵێت،" لە ئەوروپاوە بە فڕۆکە ئەیانهێنمە ئیران، لەوێوە بە پاس و لە رێگەی مەرزەکانەوە بە قاچاخ داغلی سلێمانی دەکەم، لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم رێگە بە هێنانی مار نادرێت، یاخود دەبێت وەک کۆمپانیا ناوت تۆمار بکەی و باج بە حکومەت بدەی".

"کڕیارەکانم زۆربەی خەڵکی هەولێرن، چونکە خەڵکی ئەوێ گوزەرانیان باشترە و کەسانی بیانی زۆریشی لێیە، گرانترین مار تاکو ئێستا فرۆشتبێتم نرخی هەزار و ٦٠٠ دۆلار بووە، درێژییەکەی چوار مەتر و ٢٠ سانتیم بووە، کێشیشی ٥٥ کیلۆگرام بوو". ئەو بازرگانە وای وت.

مار چەندین جۆری هەیە و زۆربەیان لە نێوان ١٠ تا ٣٠ ساڵ دەژین، بە وتەی شارەزایانیش ٩٥٪ مار لە جیهاندا ژەهراوی نین.

ئەحمەد شاخەوان، ئارەزوومەندێکی بەخێوکردنی مارە لە سلێمانی و بە BMC وت "بەخێوکردنی مار وەک هەر ئاژەڵێکی دیکەی ماڵی چێژێکی تایبەتی هەیە، سەرەتا لێی دەترسام، بەڵام هاوڕێیەکی عەرەبم ماری بەخێو دەکرد منیش دواتر ترسم لێی نەما و حەزم لە بەخێوکردنیکرد".

ئەحمەد شاخەوان دەڵێت "مار زیاتر سەر و باڵی مریشک، جوجگ و بەچکە مراوی دەخۆن، هەندێکیشیان نابێت هەموو رۆژ خواردنیان پێ بدرێت و بە تایبەت لە وەرزی زستاندا".

وەزارەتی کشتوکاڵ ئەرکی  چاودێریکردنی سەرجەم ئەو ئاژەڵانەیە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردەی هەرێم دەکرێن و تا ئێستا هیچ مۆڵەتێکی فەرمییان بۆ هاوردەکردنی مار نەداوە.

میقداد ئیبڕاهیم، بەڕێوەبەری بەشی کەرەنتین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڤێرتەرنەری بە BMC راگەیاند، رێگە بە هاوردەکردنی هیچ جۆرە مارێک نادرێت و ئەوانەی لە بازاڕەکان هەن بێ مۆڵەتن.

بە پێی رێککەوتننامەی سایتسی تایبەت بە ژینگە، مار یەکێکە لەو ئاژەڵانەی زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.

ماری کێویش هاوشێوەی مارە گرانبەهاکان کڕیاری هەیە و توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە وەک چارەسەر دەیکڕن و گۆشتەکەی دەخۆن.

عەباس موراد، تاکە کەسە لە کەرکوک مار بفرۆشێت، زیاتر لە شەش ساڵە لە سوچی دوکانەکەی لە بازاڕی پەلەوەرفرۆشان ماری کێوی دەفرۆشێت، ئەو دەڵێت، " ئەو مارانە زیاتر لە ناوچەکانی تەقتەق، شوان و حەویجە هەن، راوچییەکان راوی دەکەن و بە ئێمەی دەفرۆشنەوە، ئێمەش بە خەڵکی دەفرۆشینەوە و نرخیشی لە ٤٠ تا ٦٠ هەزار دینارە. زۆربەی کڕیاران بۆ چارەسەری شێرپەنجە دەیکڕن و گۆشتەکەی بە برژاوی دەخۆن، چوار بست لە خواری سەری و چوار بستیش لە کلکی ئەبڕین و فڕێی ئەدەین، هەندێک کەسیش پێستی مار بۆ بەهێزکردنی قژ بەکار دەهێنن، هەندێکیش بۆ جادو بەکاری دەهێنن" ئەو فرۆشیاری مارە وای وت.

لە رووی زانستییەوە مار بە ئاژەڵێکی هەڵگری چەندین نەخۆشی و ڤایرۆسەوە دادەنرێت و رەنگە ببنە هۆی گواستنەوەیان بۆ مرۆڤ.

نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری تایبەت بە چارسەرکردنی توشبووانی شێرپەنجە لە کەرکوک تایبەت بۆ BMC وتی،" تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ئەوە نییە کە دەریبخات گۆشتی مار چارەسەری شێرپەنجە بکات، ئەو کەسانەی دەیخۆن لایەنی دەروونی وایان لێ دەکات چارەسەری کیمیاوی بەکار نەهێنن و پەنا بۆ دەرمانی تەقلیدی ببەن".

وتیشی" سیستەمی بەرگری جەستەی مار بەهێزە و رەنگە هەڵگری چەندین ڤایرۆس بن تێیاندا بەدەرنەوکەوێت و بگوازرێتەوە بۆ جەستەی مرۆڤ.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا