لە میانەی رووداوەکانی ئەمشەوی شاری هەولێر، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دوای ئەوەی ئەمشەو چەند مووشەکێك ئاڕاستەی شاری هەولێر کران، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند:" ئیدانەی ھەر پیلانێک دەکەین کە مەرامی تێکدانی ئارامی ھەرێمی کوردستانی لەپشتەوە بێت و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر گروپ و تاقمێک کە ئاسایشی ھەرێم بخەنە مەترسییەوە. بە هیچ شێوەیەکیش رێگەنادەین ئاسایش و ئارامی کۆمەڵانی خەڵک تێکبدرێت".
هاوسەرۆکی یەکێتی وتیشی:" ئەو ھێرشانەی کرایە سەر شاری ھەولێر مایەی نیگەرانیمانە، ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین و دڵنیام بە یەکڕیزی و یەک ئیرادەیی ھێزە ئەمنییەکانمان دەتوانین باشتر رووبەڕووی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان ببینەوە و ژیانێکی باشتر و ئارامتر بۆ ھەمووان فەراھەمبکەین".