لەئەگەری بەرزبوونی زیاتری نرخی نەوت بەهای دۆلار دادەبەزێت؟

ئابوری 20/02/2021

Alternate Text

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەئەگەری بەرزبوونی زیاتری نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان داهاتەکانی حکومەت زیاد دەکات و لە رووی یاساییشەوە بانکی ناوەندی دەتوانێت نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار کەمبکاتەوە، بەڵام ئەستەمە حکومەت ئەو کارە بکات.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٠ی شوباتی ٢٠٢١، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە BMC راگەیاند:"هەرچەندە بە پێی یاسا دەتوانرێت دوای پەسەندکردنی نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٤٥ هەزار دیناری عێراقی لە بودجەی ئەمساڵدا، دووبارە بودجەیەکی دیکە پەسەند بکرێتەوە و نرخی دۆلار داببەزێندرێت، بەڵام بەو کارە کۆمەڵێک کەسی دیکە زەرەمەند دەبن و حکومەتیش ئامادە نییە ئەو سەرکێشییە بکات".
ناوبراو راشیگەیاند:"بەدەستکاریکردنی نرخی دۆلار خەڵک متمانەی بە بانکی ناوەندی نامێنێت و ئەگەر نرخی نەوت بگاتە ١٠٠ دۆلاریش لەو باوەڕەدا نیم حکومەت و پەرلەمان نرخی دۆلار کەمبکەنەوە، لەبەر ئەوەی جارێکی دیکە کەسانی تر زەرەرمەند دەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:"هەرچەندە لەئێستادا نرخی نەوت بەراورد بە پێشتر بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە ئاسایی نییە و نرخەکەی بە جێگیری نامێنێتەوە، بەڵکو بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت".

لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لەبازاڕەکانی جیهان بە زیاتر لە ٦٣ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

شایەنی باسە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتی بەردەستی حکومەتی عێراق، بانکی ناوەندی نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٤٥ هەزار دیناری عێراقی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دیاریکرد، بەهۆیەوە کەسانێکی زۆر زەرەرمەند بوون.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا