هاوڵاتییەکی گوندی سەرکەندی خەیلانی لە کاتی شوانیدا چەند بەچکە سمۆرەیەک راودەکات، لەو بارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان هاتە دەنگ و راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢١، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم رایگەیاند:" دوای ئاگاداربوونمان لەوەی کە یەکێک لە هاوڵاتیانی گوندی (سەرکەندی خەیلانی) بە ناوی (ا ن) لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانی لە دەشت و پاوانەکەی سنوwری گوندەکەی هەڵدەستێت بە تێکدانی لانەی سمۆریەک کە لە ناو دارێک بووە و لە ئەنجامدا دەتوانێت ژمارەیەک بێچووی سمۆرە بە زیندووی ڕاو بکات و بە مەبەستی فرۆشتنیان لە تۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبووک ریکڵام بڵاوبکاتەوە".
ئەوەشهاتووە:" دوای ئاگادار بوونی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بەو کردارە نایاساییە هۆبەی ژینگە سروشتی فەرمانگەکەمان و تیمی چاودێری ناوچە پارێزراوەکان بە هاوبەشی تیمێک لە هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شاری هەولێر سەردانی گوندی (سەرکەندی خەیلان)یان کرد و لە چالاکییەکی هاوبەش توانییان ئەوکەسە کە ڕێکڵام بۆ فرۆشتنی بێچووە سمورەکانی کردووە بدۆزنەوە".
ئاماژە بەوەشدراوە:" دوای ئەوەی دان بە هەڵەی خۆی دانا و هەروەها وەرگرتنی بەڵێننامە لەو کەسە کە ئێتر ڕاوی نایاسایی ناکات هەموو بێچووە سمورەکان لە سروشتی خۆی ئازاد بكاتەوە".