بافڵ تاڵەبانی: ئیبراهیم ئەحمەد بناغەیەکی نوێی بۆ حیزبایەتی دانا

کوردستان 08/04/2021

Alternate Text

هاوسەرۆکی یەکێتیی رایدەگەیەنێت، لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە خەبات و بیری نیشتمانی و نوێگەری مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدە بۆ سیاسەت و حوکمڕانی، پێویستمان بەو توانا بێسنوور و دونیابینی و رۆشنبیرییە فراوانەی ئەوە بۆ یەکخستنەوەی ھێز و تواناکان بۆ گەشەپێدانی رۆشنبیری لە ھەموو کایەکانی ژیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی نیسان، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی، بەبۆنەی تێپەڕینی ٢١ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیبراهیم ئەحمەد سیاسەتمەداری کورد، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

ئەمڕۆ 21 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای خەباتی سیاسی، کوردایەتی، رووناکبیری و رۆژنامەگەری، مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد تێپەڕدەبێت. مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد یەکێکە لە سیمبولەکانی سیاسەت، نیشتمانپەروەری، رۆشنبیری و رۆژنامەگەری کوردستان لە سەدەی رابردوودا. سیاسییەکی بیرتیژ و دووربین، قەڵەمێکی پڕ لە ورە و رۆشنبیرێکی نوێخوازی میللەتەکەمان بوو. لەپێناو کوردستان و سەربەرزی خەڵکەکەی دەژیا. مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە ژیانی سیاسیی خۆیدا بڕوای بە بیری نەتەوەیی و نوێگەری هەبوو. هەر ئەمەش وایکرد کاتێک بە سکرتێری پارتی ھەڵبژێردرا، بناغەیەکی نوێی بۆ حیزبایەتی دانا و رۆحێکی نوێی بە جووڵانەوەی سیاسی و خەباتی کوردایەتی بەخشی. ئەو رۆحییەتە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بوو بووبە هەوێنی سیاسەتی پارتی و وایکرد کۆمەڵانی خەڵک بەپیر ئەو حیزبەوە بچن و پێشوازی لێبکەن. خەڵکی کوردستان بە رۆحێکی خۆنەویستی و شۆڕشگێڕانەوە پێشوازییان لە هەوڵەکانی مامۆستا دەکرد و وەک رابەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری تەماشایان دەکرد. ئەو بوو بیروبۆچوونە جیاوازەکانی کۆدەکردەوە و تۆوی نیشتمانپەروەری لە رێکخستنەکانی حیزب و دڵی خەڵکی کوردستاندا چاند و پارتی دیموکراتی کردە حیزبێکی گەورە و کاریگەر لە کوردستان. ئەمڕۆ کە یادی ئەو ڕابەرە نەتەوەییەی کورد دەکەینەوە، لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە خەبات و بیری نیشتمانی و نوێگەری مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدە بۆ سیاسەت و حوکمڕانی، پێویستمان بەو توانا بێسنوور و دونیابینی و رۆشنبیرییە فراوانەی ئەوە بۆ یەکخستنەوەی ھێز و تواناکان بۆ گەشەپێدانی رۆشنبیری لە ھەموو کایەکانی ژیان. بەڵێن دووپاتدەکەینەوە ئێمە بە ئەمانەتەوە درێژەی پێدەدەین و دەیبوژێنینەوە. بە شوێنپێی ئەودا دەڕۆین و وانەکانی دەکەینە چرای ژیانمان. یاد و یادەوەریت ھەمیشە بەزیندوویی لە دڵماندا دەمێنێتەوە مامۆستای گەورە ھەزار سڵاو لە گیانی پاکی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد و شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان. بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا