ئیبراهیم ئەحمەد، قەڵەمێک کە دوژمن بە چەک دەیبینی

ڕاپۆرت 08/04/2021

Alternate Text

21 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، سیاسەتمەدار وروناکبیر، ئیبراهیم ئەحمەد لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، لێرەدا چەند وێستگەیەکی ئەو کەسایەتییە دەخەینە ڕوو.

ئیبراهیم ئەحمەد لە ٦ی مانگی ٣ی ساڵی ١٩١٤ لە بنەماڵەیەکی دیاری سلێمانی لە دایکبووە. هۆکاری زوو ئاشنا بوونی ئیبراهیم ئەحمەد بە نووسین و خوێندنەوە دەگەڕێتەوە بۆ مامێکی بەناوی رەمزی فەتاح. رەمزی فەتاح هەرزوو برازاکەی خستۆتە بەرخوێندن و ناردووییەتی بۆ قوتابخانە، ئیبراهیم ئەحمەد ئەم هاندانەی مامی بەس دەبێت بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن و لە ساڵی ١٩٣٧ لە شاری بەغداد کۆلێجی یاسا تەواو دەکات.

ئیبراهیم ئەحمەد لەپاڵ کاری نووسیندا کاری سیاسی کردووە و لە تەمەنێکی کەمدا کاریگەر دەبێت بە سرود و هۆنراوە نیشتیمانییەکان و شۆڕشەکەی شێخ مەحمودیش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەستی نەتەوایەتی ئەو هەبووە،هەروەها بۆردومانکردنی سلێمانی لەلایەن فڕۆکەکانی ئینگلیزەوە هۆکارێکی تر بوون بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری جگە لە هەموو ئەم هۆکارانەشدا مامی رێنوێنی کردووە بۆ ئاشنابوونی بە خەباتی رزگاریی و نەتەوایەتی.

ئیبراهیم ئەحمەد لەسەرەتاکانی ژیانییەوە بە نووسین و خوێندنەوە ئاشنا بووە، لە یەک کاتدا پەخشاننووس و وەرگێر وشاعیر و چیرۆکنووسیش بووە، یەکەمین کاری نووسینی پەخشانێک بووە بە ناوی (لە شەودا)، کە لەژمارە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٣٢ی رۆژنامەی ژیاندا بڵاوکراوەتەوە. لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە رۆژنامەی ژیاندا کاری کردووە کە پیرەمێردی شاعیر خاوەنی بوو، پیرەمێردی شاعیر لەو کاتەدا بە تواناکانی ئیبراهیم ئەحمەد زۆر سەرسام دەبێت و لە نووسسینێکدا دەربارەی دەڵێت : ژیان چاوەڕێی ئەم کوردییە رەوانەیە پیرەمێردیش بە هیوای ئەو نەجەوانانە.

لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ ساڵی ١٩٤٩ لەگەڵ مامۆستا عەلائەدین سەجادی گۆڤاری گەلاوێژ دادەمەزرێنن کە لەوکاتە دەبێتە ماڵێک بۆ نوسەر و رۆشنبیرەکانی کورد بۆ بڵاوکردنەوەی نوسراوەکانیان، جگە لە گەلاوێژ ئیبراهیم ئەحمەد خاوەندارێتی رۆژنامەی کوردستانیشی کردووە.

ساڵی ١٩٦١ بەهۆی بڵاوکردنەوەی وتارێکی ئیبراهیم ئەحمەد کە دژی دەسەڵاتدارانی ئەوکاتەی عێراقی نووسیبوو، هەردوو رۆژنامەی خەبات و کوردستان داخران و بەوهۆیەشەوە ئیبراهیم ئەحمەد فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.

لە ساڵی ١٩٤٧ لەگەڵ ساجدە ساڵح ناسراو بە خاتوو گەلاوێژ هاوسەرگیری کردووە و بوونەتە خاوەنی ٢ کوڕ و ٦کچ؛ ئیبراهیم ئەحمەد لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا روودەکاتە شاری لەندەن و لەوێ لە رێی دامەزراندنی گۆڤارێک بە ناوی چریکەی کوردستان بەردەوام دەبێت لە خەباتکردن و تێکۆشان.

کاتژمێر ٥ی سەرلەئێوارەی رۆژی ٨ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٠ ، لەتەمەنی ٨٦ ساڵیدا ئیبراهیم ئەحمەد لە شاری لەندەن کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ سلێمانی و لە رێورەسمێکی جەماوەری فراواندا لە گردی سەلیم بەگ بە خاک سپێردرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا