لەکەرکوک پارتی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق یەکلاییکردەوە

کوردستان 13/04/2021

Alternate Text

پارتی ناوی کاندیدەکانی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق  لەکەرکوک دیاریکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوو پێشکەشی کۆمسیۆنی دەکات، کە رۆژی ١٧ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٣ی نیسان، عەدنان کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیانی پارتی بە BMC راگەیاند:" پارتی هەموو ئامادەکارییەکی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەرەوی هەرێم کردووە و لەچەند رۆژی داهاتوو ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان دەکات".

ناوبراو راشیگەیاند:" تاوەکو ئێستا هیچ نییەتێک بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەتی لە نێوان حزبە کوردستانییەکان لەکەرکوک نییە و بە پێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، پێکهێنانی هاوپەیمانییەتی هیچ گرنگییەکی نابێت، لەبەر ئەوەی بە پێی ئەو یاسایە هەر لایەنێک دەنگەکانی تەنها بۆ خۆی دەبێت ".

لەبارەی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، ئەو بەرپرسەی پارتی وتیشی:" تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ گەڕانەوەمان بۆ کەرکوک لە ئارادا نییە، بەڵام گفتۆگۆکان لەسەر ئاستی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند لەوبارەیەوە بەردەوامە و لە دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا یەکێک لە تەوەرەکانی گفتۆگۆکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان پرسی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بووە ".

لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق پارتی بە بیانووی "داگیرکردنی کەرکوک" بایکۆتی هەڵبژاردنی لەو پارێزگایە کرد.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا