Alternate Text

٧٥ ساڵ بەسەر ماتەمی چوار ئەفسەرەكە تێدەپەڕێت!

مەریوان مەسعود‌ 23/03/2021

ئەمڕۆ، ١٩ی حوزەیران، بەر لە ٧٥ ساڵ لەم رۆژەدا، كوردستان ماتەمی بۆ گەورەترین و غەدرلێكراوترین چوار ئەفسەرەكەی خۆی گێڕا.
دوای رووخانی كۆماری كوردستان (مەهاباد) گرتن و  پاشان لە سێدارەكانی پێشەوا قازی و هاوڕێكانی و رۆشیتنی مەلا مستەفا بارزانی و ماڵباتەكەی بۆ یەكێتی سۆڤیەت، چوار ئەفسەری ناسراوی كۆمارەكە كە لە ئەسڵدا خەڵكی كوردستانی عیراق بوون، لەسەر گفت و بەڵێنی حكومەتی ئەو كاتەی عیراق كە ساڵح جەبر سەرۆكایەتی دەكرد و حوكمی مەلەكی بوو، هەر چوار ئەفسەرەكە: عیززەت عەبدولعەزیز، خەیروڵڵا عەبدولكەریم، مستەفا خۆشناوو محەمەد قودسی گەڕانەوە دیوی كوردستانی عیراق، بەڵام یەكسەر دەستبەسەردەكرێن و دواتر لە دادگایەكی رەمزیی، حوكمی لە سێدارەدانیان بۆ دەردەچێت بە تۆمەتی خیانەتی گەورە.
لە سێدارەدانی ئەم چوار ئەفسەرە، ئەوەندە كاریگەریی هەبووە، موتەسەریفی ئەو كاتی سلێمانی، نامەی پەلە بۆ حكومەتی عیراق دەنێرێت و رەوشەكەی بۆ باس دەكات كە شار خرۆشاوە و با لە سێدارە نەدرێن، كەچی حكومەتەكەی ساڵح جەبر بە ئەمری جێنشینی ئەو كات گوێ‌ بە هیچ نادات و بۆ بەرەبەیانی ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە سێدارەیان دەدات و چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایی و گرژی لە شارەكانی كوردستان دروست دەبێت.
لەمبارەیەوە د. كەمال مەزهەر دەڵێت: " ئەو بڕیارە كوردستانی خرۆشاند، لە هەموو لاوە دەنگ بۆ ڕزگاركردنیان لە پەتی قەنارە بەرز بووەوە. ژمارەیەك لە گەورە پیاوانی وەك ئەمین زەكی بەگ و تۆفیق وەهبی بەگ و بابا عەلی شێخ مەحموود ، عەلی كەمال  و مەعرووف جیاوك و ماجید مستەفا، سەرباری شەپۆلی برووسكەی خۆپیشاندەرانی كوردستان، وایان لە ساڵح جەبر كرد بەوە قایل بێت، بڕیاری خنكاندنی ئەو ئەفسەرانە بكرێتە حوكمی سەرلەبەری ژیان، بەڵا عەبدولئیلاه كە جێنشینی مەلیك بوو، سوور بوو لەسەر خنكاندنیان ".
بە پێی زانیارییەكان تا شەوێك پێش لە سێدارەدانیشیان هەر چوار ئەفسەرەكە وایان زانیوە بە زووترین كات بەرەڵا دەكرێن، كەچی شەوی ١٨ی حەزەیرانی ١٩٤٧ واتە شەوێك پێش حوكمەكەیان، دڵنیا دەبنەوە كە لە سێدارە دەدرێن، بۆیە تەنیا فریای یەك نامە دەكەون كە بە ئیمزای هەر چواریان دەینووسن و تێیدا ئامۆژگاری نەوەكانی دوای خۆیان دەكەن كە دڵسۆزی كوردو كوردستان بن.
لەبارەی دوای لە سێدارەدانیان، مام جەلال تاڵەبانی دەڵێت:
" هەڤاڵی تێكۆشەرمان عومەر مستەفا كە ئەو دەمە خوێندكاربوو لەكۆلیژی حقوق، ئەو بوو كە تەرمەكانی وەرگرتەوەو بەرەو كوردستان لەگەڵیاندا بەڕێكەوت)".
دواتر تەرمی شەهید عیززەت عەبدولعەزیز برا بۆ ئامێدی، تەرمی شەهید خەیروڵڵا عەبدولكەریم بۆ هەولێر ، تەرمی هەردوو شەهیدان مستەفا خۆشناو و محەمەد قودسی بۆ سلێمانی بران.
كە گەیەندرانەوە شارەكانی خۆیان بەتایبەت لە سلێمانی جەماوەرێكی زۆر لەچاوەڕوانی گەیشتنی تەرمی پیرۆزی هەردوو شەهید مستەفا خۆشناوو محەمەد مەحمود قودسیدا بوون. رۆژی 19ی حوزەیران لەو رۆژانەیە كە لەبیر ناچێتەوە، میللەت خرۆشابوو، تووڕەیی و خەم روخساری خەڵكەكەی داپۆشیبوو، خەڵكەكە بەدەنگی بەرز هوتافیان بۆ ژیانی كوردستان و  ئازادیی كورد دەكێشا.
هەر ئەمەش وای لە فایەق بێكەس-ی شاعیر كرد، شیعرە مەشهورەكەی بۆ چوار ئەفسەرەكە بڵێت بەناوی شیوەن بۆ شەهیدانی 19ی حوزەیران لە بەشێكی دەڵێت:
(خەیروڵڵا، وتی بە عیززەت)
وا نەجاتمان بوو لە زیللەت
با بكەوینە كەیف و سوحبەت
ئێمەین شەهیدانی وەتەن
كوتووپڕ، (مستەفا و حەمە)
كەوتنە بەزم و زەمزەمە
وتیان سێدارەش هەر كەمە
بۆ نەوجەوانانی وەتەن
ئەوا شەهیدانی وەتەن
گشتیان تكاتان لێ ئەكەن
ئەڵێن: ژن نین، شیوەن مەكەن
دوژمن بە خۆتان خۆش مەكەن
هەموو بەجارێ لە چەپڵە دەن
بۆ جوانەمەرگانی وەتەن