Alternate Text

ئەو وتارەی دەبێت هەموو ( هەولێرییەکان) بیخوێننەوە !

مەریوان مەسعود‌ 23/03/2021

یەكەم شاری عیراق و كوردستان كە دژی حكومەت و نەبوونی خزمەتگوزاریی مانگرتنیان راگەیاند و ناڕەزایەتییان دەربڕی، خەڵكی شاری هەولێر بوون و دوای هەولێریش خەڵكی بەغدا مانیانگرت، ئەویش بەهۆی گرانی نرخی كارەبا لەساڵی 1930 –دا، چیرۆكی ئەم باسە درێژە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا سەردەمی كورت نووسینە، وا منیش بە كورتی بۆتان باس دەكەم.
لە دوای ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو، بە هۆی ئینگلیزەكانەوە یەك لە دوای یەك كارەبا گەیشتە شارەكانی عیراق بە كوردستانیشەوە، بۆ نموونە تا سەرەتای سییەكان 279 ماڵ و دوكان و دەزگا لە كەركوك و 330 یش لە سلێمانی كارەبایان وەرگرتبوو، بەغدا و بەسرا و موسڵ پێش ئەوان بە ماوەیەك كارەبایان بۆ هات.
لە هەولێر، لە كۆتایی بیستەكاندا (ئەحمەد محەمەد چەلەبی دەباغ) كە لە بنەماڵەیەكی ناسراوی شارەكە بوو، داوای دامەزراندنی مەكینەی كارەبای كرد بۆ هەولێر و وەزارەتی كاروباری ناوخۆی عیراق پشتگیریی كرد و بە پێی تەقدیری چەلەبی كولفەكەی دەوربەری 150 هەزار روپێ، واتە نزیكەی یانزە هەزار و دووسەد و پەنجا دینار دەبوو، هەرچەندە مەكینەكەی سلێمانی كە لە هەمان سەردەمدا لەلایەن شارەوانی سلێمانییەوە كڕدراوە، 70 هەزار روپێی تێچووە، بەڵام دیارە ئەوەی هەولێر چاكتر و گەورەتر بووە، بۆیە رۆژی 2/10/1930 پرۆژەی كارەبای ناو شاری هەولێر كەوتەكار، ئەو رۆژە لە خوار دەرگای قەڵاتێ‌ بووبە رۆژی حەشر و عەشاماتێكی زۆر رژانە ئەوێ‌، هەمووی حەپەسابوون، چونكە بۆ یەكەمجار بوو ئاشی ئەلەكتریكی شار كەوتە كار و گڵۆپ داگیرسا و دونیا رووناك بۆوە بە كورتییەكەی خەڵكی هەولێر تا بەرەبەیان لە خۆشیان نەخەوتن و هەمووی بەدیار رووناككردنەوەی شارەوە دانیشتبوون.
بۆ یەكەمجاریش كارەبا بۆ چوار ماڵ دابینكرا: عەبدولحەمید بەگی پارێزگاری هەولێر، دەروێش لوتفی بەگی بەڕێوەبەری پۆلیس و یونس ئەفەندی ئەفسەری پۆلیس و زیا ئەدهەم كە خاوەن ئاش بوو، جگە لە قوتابخانەی شوعبە و شەش چایخانە، بۆیە تا ناوەڕاستی ساڵی 1931 بە دوكان و ماڵ و دەزگاكان بەشدارانی كارەبا گەیشتە 125 ماڵ.
حكومەتی عیراق سێ مەرجی بۆ ئەحمەد محەمەد چەلەبی دەباغ دانا تا مەكینەكە بێنێت و ئەویش بەهەرسێ‌ مەرجەكە قایل بوو، مەرجەكانیش :
*سێ ساڵ داهاتی كارەبا بۆ خۆی دەبێت و دواتر داهاتەكەی بە پێی رێككەوتنێك بە پشك دابەشدەكرێت لە نێوان چەلەبی و حكومەتدا.
*دەبێت مانگانە 600 روپێ خەرج بكات بۆ دانانی گڵۆپ بۆ شەقامەكانی شار.
*نرخی كیلۆواتێكی كارەبا بۆ خەڵكی ناو شار لە 10 عانە تێنەپەڕێت.
راكێشانی كارەبا بۆ هەولێر و هەولێرییەكان لە هەموو روویەكەوە هەنگاوێكی گەورە و پێشكەوتن بوو، چونكە نوێترین داهێنان لەو سەردەمەدا كارەبا بوو، كە شارەكانی عیراقیش بە كوردستانەوە بۆیان دابینكرا، ئیتر وردە وردە دوكاندار و دەزگا و ماڵە دەوڵەمەندەكانی هەولێر كارەبایان راكێشا كە ژمارەیان گەیشتە 125 بەشداربوو، ئەمەش بەبەراورد بەشارەكانی سلێمانی و كەركوك زۆر كەمبوو، هۆكارەكەشی ئەوەبوو نرخەكەی گرانبوو، كە 10 عانە بوو بۆ كیلۆ واتێك، بەڵام لە سلێمانی 8 عانە و لە بەغدا 7 عانە بوو، ئەمەش سەرەتا ساڵی 1931دوكاندارانی ناو بازاڕی هەولێری توڕەكرد و وردە وردە دەستیان كرد بە كوژانەوەی كارەباكانیان تا وای لێهات گەیشتە سەروو پەنجا بەشداربوو كە كارەبایان پچڕاند و ناڕەزاییان بەرزكردەوە بۆ پارێزگاری هەولێر بۆ داشكاندنی نرخی كارەبا، یەكەم كەسیش كە ئەم كارەی كرد محەمەد ئەحمەدی چایچی بوو كە لە رۆژی 15/2/1931 بوو بە یەكەم كاسبكار كە كارەبای چایخانەكەی وەكو ناڕەزایەتییەك كوژاندەوە، بەڵام دواتر ناڕەزایی و مانگرتنەكە زۆر فراوانبوو كە پارێزگار و وەزیری كاروباری ناوخۆ گوێیان پێنەدا، بەڵام كە بوو بە رای گشتی و سەروو 500 ئیمزا و مۆر بەرزكرایەوە بۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو كات، ئەمەش نوری سەعیدی ناچار كرد بێتە هەولێر و دەستبكات بە بەدواداچوون.
خاڵێكی تریش كە زۆر گرنگە ئاماژەی پێبكەم، رۆڵی مەلا فەندی بوو لە پشتگیریی ناڕازییەكان، چونكە لە دیوەخانەكەی خۆی لە باداوا، پۆل پۆل و بە نهێنی خەڵكە ناڕازییەكەی دەبینی و هانی دەدان بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان، بەتایبەت كە پارێزگاری ئەو دەمی هەولێر عەبدولحەمید بەگ، رێزی بۆ پیاوماقوڵ و كەسایەتییەكانی هەولێر وەكو پێویست نەهێشتبۆوە، هەرچەندە سەرەتا پارێزگاری هەولێر دەیویست بە نووسینی راپۆرت بۆ وەزارتی كاروباری ناوخۆ لە بایەخی ناڕەزایەتییەكە كەمبكاتەوە، بۆیە لە مانگی تەموزی 1931 دا یەكەم راپۆرتی لەبارەی ناڕەزایەتییەكە بەرزكردەوە بۆ وەزارەت و تێیدا نووسیبووی» تەنیا پانزە بیست كەسێك لەكاسبكاران مانگرتنێكیان ساز كردووە، لە كاتێكدا ئەمە راستی رووداوەكە نەبوو، چونكە ناڕەزایەتییەكان ئەوەندە بەرفراوان بوو، چەندین كەسایەتی و مامۆستا و پیاوانی ئاینی ناسراوی شارەكەش پشتگیریی خۆیان دەربڕی.
بە كورتی داوای مانگرتووان ئەم خاڵانە بوون:
*داشكاندنی نرخی هەر كیلۆواتێكی كارەبا لە 10 عانەوە بۆ 4 عانە یان هیچ نەبێت بۆ 6 عانە.
*ئەگەر جێبەجێنەكرا، با وەكو شارەكانی تر شارەوانی خۆی مەكینەی كارەبا بێنێت و دایبنێت یان رێگا بۆ هەمووان كراوە بێت كە كێ‌ مەكینەی كارەبا دێنێت با بیهێنێت نەك تەنیا بۆ ئەحمەد چەلەبی دەباغ بێت.
*گواستنەوەی مودیری تەحریرات جەمال رەفعەت كە بەچاوساغ و لایەنگری ئەحمەد چەلەبی دەباغیان دادەنا.
هەرچەندە حكومەتی نوری سەعید بە هەموو دامودەزگاكانییەوە دژی مانگرتنەكە بوون، بەڵام كاتێك زانی چەخماخەی ناڕەزایەتییەكان خەریكە شارەكانی تریش دەگرێتەوە، بە ناچاری 2 عانە لە نرخی كیلۆ واتی كارەبا دابەزاند و وەكو سلێمانی لێكرد، جگە لەمەش بەرپرسە گەندەڵەكانیشی نەقڵ كرد كە خەڵك رقی لێیان بوو، بۆ زانیاریش زۆربەی كەسایەتییەكانی هەولێر لەو سەردەمەدا، پشتگیریی ناراستەوخۆی ناڕەزایەتییەكان بوون و ئەخیرەكەی سەری گرت.
شایانی باسە، دوو ساڵ دوای ئەوەی هەولێر واتەساڵی 1933 لە بەغدا وەكو هەولێر مانگرتن راگەیەنرا، بەڵام حكومەت هەر زوو دایمركاندەوە، چونكە ترسا لەوەی وەكو پایتەخت پریشكەكەی بگاتە هەموو عیراق و دوایی بۆی كۆنترۆڵ نەكرێت، جگە لەمەش كارەبای بەغدا ئینگلیزەكان خۆیان دایاننابوو، هەر زووش نرخەكەیان هەرزانكرد و چەند كەسێكی رابەری ناڕەزایەتییەكەشیان دەستگیركرد.