بۆ یەکەمینجار شانۆنامەیەکی بەختیار عەلی لە کوردستان نمایش دەکرێت

هەمەرەنگ 25/07/2023

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بۆ یەکەمین جار لە کوردستان شانۆنامەیەکی بەختیار عەلی لەسەر تەختەی شانۆکان نمایش دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست BMC کەوتووە، شانۆنامەی (میوانێک لەسەر زەمینی دوورەوە) کە لەلایەن نووسەری ناوداری کورد بەختیار عەلییەوە نووسراوە، لە پایزی ئەمساڵدا لە شاری سلێمانی لەژێر ناوی شانۆیی (میوانێکی دوور) نمایش دەکرێت.
شانۆییەکە لەلایەن راڤیار نەوزادەوە کاری دەرهێنانی بۆ دەکرێت و باهۆز نەسرەدینیش کاری بەرهەمهێنانی بۆ دەکات، بڕیارە چەندین ئەکتەری بە ئەزموون و گەنج لە شانۆییەکەدا بەشداربن.
بەختیار عەلی لە ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە و روویکردووەتە سوریا و دواتریش بۆ ئەڵمانیا، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە نیشتەجێیە.
یەکەم بەرهەمی بڵاوکراوەی ئەدەبی بەختیار عەلی قەسیدەی نیشتمان بوو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، یەکەم رۆمانیشی بە ناوی مەرگی تاقانەی دووەم لە ساڵی ١٩٩٧ بڵاوکردەوە، ساڵی دواتریش بە نووسین و بڵاوکردنەوەی رۆمانی ئێوارەی پەروانە، توانی ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکات.
بەختیار عەلی خاوەنی دەیان بەرهەمی رۆمان و فیکری و شیعری و چەند شانۆنامەیەکە، کە دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە (دواهەمین هەناری دونیا، کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، شاری مۆسیقارە سپییەکان، کەشتی فریشتەکان، ئەی بەندەری دۆست ئەی کەشتی دوژمن و تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە).
ناوبراو بەشێک لە بەرهەمەکانی لەلایەن چەند وەرگێڕێکەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە جیاوازەکانی جیهان، پێشتریش چەند جارێک بەرهەمەکانی کراون بە شانۆ و نمایش کراون.
لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە جارێک رۆمانی دواهەمین هەناری دونیای نووسەر لە وڵاتی ئێران کراوە بە شانۆ، هەروەها لە مانگی شوباتی ئەمساڵیش لە ئەڵمانیا شانۆیی (داگیرکردنی تاریکی) نمایشکرا، کە دەقی شانۆکە لە رۆمانێکی ناوبراوەوە وەرگیرابوو، بەڵام ئەمە یەکەمینجارە لە هەرێمی کوردستان شانۆیەک نمایش بکرێت کە خاوەندارێتیکردنی دەقەکەی بگەڕێتەوە بۆ بەختیار عەلی.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا