هاوپەیمانی کوردستان لە ٢٧ بازنەدا هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ دەدات

کوردستان 31/07/2021

Alternate Text

نزیکەی دوو مانگ بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق ماوە و یەکێتی و گۆڕان لە رێگەی هاوپەیمانێتییەکەیانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ دەدەن.

پاش دیاریکردنی قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان سەردان و کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانێتییەکە دەستیپێکرد و ئەمڕۆش سەردانی مەکۆی گۆڕانی کرد.

" قوباد تاڵەبانی ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە سەرۆک لیستیی هەیە و شارەزای بارودۆخی سیاسی عێراقیشە "

سەلما فاتیح، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە BMC راگەیاند:" بەدڵنییایەوە بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی هاوپەیمانی کوردستان ئەنجامێکی زۆر باش بەدەست دەهێنێت، لەبەر ئەوەی پێشتر ئەزموونی سەرۆکی لیستی هەبووە و بە پێی ئەوەی ئەم هەڵبژاردنەش لەسەر ئاستی عێراقە و قوباد تاڵەبانیش شارەزاییەوکی باشی لە بارودۆخی سیاسی عێراق هەیە و پێشتر سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کردووە ".

هاوپەیمانی کوردستان کە تاکە هاوپەیمانی کوردستانییە لە عێراقدا، بە ٤٧ کاندیدی یەکێتی و گۆڕان و لە ٢٧ بازنەدا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق رکابەرایەتی لایەنەکانی دیکە دەکات.

"ئامانجمان رێکخستنەوەی نێو ماڵی کوردە"

یاسین حەمەعەلی، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە BMC وت:" ئامانجمان ئەوەبوو هاوپەیمانێتییەکی فراوان بۆ رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد پێکبهێنین و داواجار گەیشتین بە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ یەکێتی و بە یەکگرتوویمان دەتوانین بەرگری لە مافە رەواکانی کورد لە بەغدا بکەین و ئەو کێشە کەڵەکەبووانەی چەندین ساڵە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند بە هەڵپەسێدراوی ماونەتەوە چارەسەر بکرێن ".   

" هاوپەیمانی کوردستان بە ٤٧ کاندیدی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان و لە ٢٧ بازنەدا بەشداری لە هەلبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکات" یاسین حەمەعەلی وای وت.

شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی گۆڕان تایبەت بە BMC راگەیاند:" هاوپەیمانی کوردستان لەکاتێکدا دروستبوو کە پشتگیریکردن و داواکردنی یەکڕیزی لەنێو ماڵی کورد لە هەموو کاتێک زیاتر بوو، ئەوەش وایکرد بیر لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بکرێتەوە و لایەنە سیاسییەکان بە یەکگرتووی بتوانن لە قۆناغی داهاتوودا لە بەغدا بەرگری لە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بکەن ".

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە رۆژی ١٠ تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هاوپەیمانی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی وەک یەکەم هاوپەیمانی کوردستانی بەشداری لە پرۆسەیە دەکات. 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا