فەرماندەی هەردوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە سوپای عێراق کورد دەبن

کوردستان 20/09/2021

Alternate Text

فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، بەمزووانە هەردوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستبەکار دەبن و فەرماندەی هەردوو لیواکە کورد دەبن.

نووری حەمەعەلی، فەرماندەی میحوەری کەرکوک-پردێی هێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند:" سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان تەواو بووە و بەمزووانە دەستبەکار دەبن، فەرماندەی هەردوو لیواکەش کورد دەبن ".

چوار فەوجی پێشمەرگە و چوار فه‌وجی سوپا تێکەڵ دەکرێن

ئاماژەی بەوەشکرد:"  دابەشکردنی فه‌وجه‌كان بریتی ده‌بن له‌ چوار فەوجی پێشمەرگە و چوار فه‌وجی سوپای عێراق تێکەڵ دەکرێن و پێکەوە لەو‌ ناوچانە جێگیردەکرێن کە بۆشایی ئەمنی لە نێوان هەردوو هێزی پێشمەرگە و سوپادا هەیە، کە چەکدارانی داعش سوودیان لێی بینیوە و وەک مۆڵکە بەکاریان هێناوە ".

پێشتر بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە BMCیان راگەیاندبوو:" هەردوو لیواکە لە حەوت هەزار کەس پێکدێت و نیوەیان پێشمەرگە دەبن و نیوەکەی دیکەش سەربازی سوپای عێراقن، مووچە و سەرجەم چەک و پێداویستییەکانیانیش لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ دابیندەکرێت ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا