"شەڕی ئەمجارەی داعش سەختتر دەبێت"

کوردستان 04/12/2021

Alternate Text

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا جارێکی دیکە هێرشەکانی داعش لەناوچەکانی سنوری دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە دەستیانپێکردووەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانیش شەڕی ئەمجارەی داعش سەختتر دەبێت و قوربانییەکانیش زیاتر دەبن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی BMC لەسەرچاوەیەکی باڵای هەواڵگرییەوە دەستیکەوتووە:" ١٢ هەزار چەكداری داعش لە سنوری سوریاوە هاتونەتە نێو خاكی عێراق".

ناتوانرێت جوڵەکانی داعش سنوردار بکرێت

بە وتەی سەرچاوەکە:" ناتوانرێت جوڵەکانی داعش سنوردار بکرێت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك لە ملیشیا و گروپی نایاسایی لەناو خاكی عێراقن و هاوكات چەندین گروپی چەکدار لەژێر ناوی حەشد شەنگالیان کردووەتە پێگەیەکی موخابەراتی و رێخۆشکەرن بۆ هاتنی داعش لەسوریاوە بۆ عێراق و ئەمەش هۆکاری یەکەمە لە چالاککردنەوەی شانەکانی داعش و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لەهەندێک سنووری ناوچە جێناکۆکەکان".

BMC زانیویەتی:" ماوەیەک پێش ئێستا گروپێكی ناو حەشدی شەعبی داوایان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە کە ئەو گیراوە داعشە عێراقیانەی لایانن ئازاد بکرێن و تەسلیم بە هۆزە عەرەبەکان بکرێنەوە".

ئەمە لە كاتێكدا لە ساڵی ٢٠١٤ لە نێو خاكی عێراق نزیكەی ٣٠ هەزار چەكداری داعش هەبووە، هەروەها لە نێو خاكی سوریاش ٥٠ هەزار چەكداری داعش هەبووە.

ئەو چەكدارە داعشانەی ئێستا هێرشەكان ئەنجام دەدەن بەشێكن لە ئازادکراوەكان

هەروەها بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە سەربازییەکان:" ئەو چەكدارە داعشانەی ئێستا هێرشەكان ئەنجام دەدەن بەشێكن لە ئازادکراوەكان و گەڕاونەتەوە عێراق و گومان دەکرێت لەمەودوا وەکو چەکی تەعریب بەکاربهێنرێن و لەبری ئەوان عەرەبی هاوردە جێگیربکرێن".

ئەو سەرچاوەیە کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی زیادبوونی هێرشەکانی داعشی روونکردەوەو رایگەیاند:" هێزێكی تاك لە نێو عێراق نییە و ناكۆكی زۆر لە نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراقدایە، عێراق لە ئامادەكاریدایە بۆ پێكهێنانی حكومەت بۆیە شپرزەییەك لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەیە، چەكدارانی داعش وەك تۆڵەكردنەوەیەك لە ساڵانی رابردوو هێرشەکانیان توندتر دەبێت، لەبەر ئەوەی مەشقیان ئەنجامداوە و خۆیان رێكخستووەتەوە، جگەلەوەش هێزە چەكدارەكانی عێراق بە هێزی پێشمەرگەشەوە بەهۆی ناكۆكیە سیاسیەكانی ناوخۆی عێراق ساردیەك و سستییەكیان تێدا بەدی دەكرێت، ئەمەش بەهۆی كەمتەرخەمی هەردوو حكومەتی كوردی و عێراقەوە".

بەشێك لە خەڵكی ناوچە گوندنشینە عەرەبەكانیش لەگەڵ چەكدارانی داعش هاوبەشن

زانیارییەکان ئەوەشیان ئاشکراکردووە:" هەڕەشەی ئێران و توركیا لەسەر هێزەكانی گەریلاكانی پەكەكە رەنگە ببێتە هۆكاری رێككەوتنی چەند نەیارێكی عێراق و هەرێم و بارودۆخەكە بەرەو ئاڵۆزتر ببات، هاوكات بەشێك لە خەڵكی ناوچە گوندنشینە عەرەبەكانیش لەگەڵ چەكدارانی داعش هاوبەشن، هەروەها بەهۆی ساردی و كەمتەرخەمی حكومەتی عێراق و هەرێم و توڕەیی شەقام رەنگە بەرگریەكی سارد هەبێ لە خاكی عێراق و هەرێم".

یەكێكی دیكەش لە هۆكارەكان بوونی نابەرپرسیاریەتی میدیاكان و گواستنەوەی پێگەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە و ئاشكراكردنی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی هەیە لەو ناوچانە.

هاوكات نە هێزی خۆبەخش هەیە وەك رابردوو، نە هێزەكانی ئەمریكاش، ئەگەر داعش هێرشی گەورە و زیاتر ئەنجام بدات ئەگەری زۆری گەڕانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەیە بۆ عێراق، بەڵام ئەمەش كاتی دەوێت بۆ ئامادەكاری گەڕانەوە بەمەش تا ئەو هێزانەی عێراق و گەڕانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ئەنجامدەدرێت قوربانیەكی زۆری لێدەكەوێتەوە.

شەڕی ئەمجارە زیاتر رووی لە ناوچەكانی هەرێم دەبێت

بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو بەرپرسە سەربازییە:" ئەگەری زۆرە قوربانییەكان زیاتربن لە ساڵانی رابردوو، هەروەها شەڕی ئەمجارە زیاتر رووی لە ناوچەكانی هەرێم دەبێت بەهۆی چەند لایەنێكی سیاسی عێراقەوە ئاراستەكان دەگۆڕێن".

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا