کەمێک پێش ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئاسایشی
ناوخۆی عێراق کۆنترۆڵکردنی دەوروبەری زیندانی غوێران و گەمارۆدانی ژمارەیەکی زۆری
چەکدارانی داعشیان لە ناو زیندانەکەدا راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی کانوونی دووەم، ئاژانسی هاوار لە
راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی عێراق بە
پشتیووانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، توانیان دەوروبەری زیندانی غوێران لە حەسەکە
بەتەواوی کۆنترۆڵ بکەن و ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعشیش لەناو زیندانەکەدا
گەمارۆبدەن".
بەشێکی زۆری چەکدارەکان خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە
ئەوەشیخستەڕوو:" بەهۆی گەمارۆی سەر زیندانەکەوە،
بەشێکی زۆری چەکدارانی رێکخراوە تیرۆریستییەکە خۆیان رادەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات
کردووە و لە ئێستاشدا شەڕڤانەکان لەسەر بڵند گۆیەکەی نزیک زیندانەکەوە داوا لە
چەکدارەکانی دیکە دەکەن، ئەوانیش خۆیان رادەست بکەن و زیندانەکە چۆڵ بکەن".
هێزەکانی هاوپەیمانانیش بەشدارن لە کۆنترۆڵکردنەوەی زیندانی غوێران
راشیگەیاند:" لە ئێستادا هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا هاوشانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شەڕڤانانی هەسەدە بەشدارن لە
کۆنترۆڵکردنەوەی زیندانی غوێران و دەستبەسەرکردنی چەکدارانی رێکخراوە
تیرۆریستییەکە".
ئەمەش دوای ئەوەدێت، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا
چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر زیندانی غوێران لە ناوچەی حەسەکە و توانیان
زیندانەکە داگیربکەن،کە بەهۆیەشەوە بەشێکی زۆری ئەو زیندانییانەی لەو زیندانەدا
سزا درابوون توانیان هەڵبێن و لە ناوچەکەدا بڵاوببنەوە.