کەشناسی: بەفر دەبارێتەوە

کوردستان 25/01/2022

Alternate Text

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ئاماژەی بەوەکرد، نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات.
ئەمڕۆ سیشەممە ٢٥ی کانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند:" سبەی چوارشەممە لەکاتی شەودا نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپیی ناوەڕاست روو لە ناوچەکەمان دەکات و رۆژی پێنجشەممەش کاریگەری شەپۆلەکە لەسەر ناوچەکە چالاکتر دەبێت".

بارستە هەوایەکی ساردیش لەگەڵ نزمە پاڵەپەستۆکەدا دەبێت

ئاماژەی بەوەشکرد:" تەواوی ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر ئەو شەپۆلی ناوبراوەوە و باران بارین و بارستە هەوایەکی ساردیش لەگەڵ نزمە پاڵەپەستۆکەدا دەبێت، هەروەها بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانیش دەبارێت".

لەسەر ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارین دەبێت

ئەوەشیخستەڕوو:" لە سەنتەری پارێزگای هەولێر نمە باران و لە ناوچەکانی دیکە بارانی مامناوەند دەبێت، لەسەر ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارین دەبێت، بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاویانەی هەزار و ٧٠٠ مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزن".

دواتریش بەفر بارین دەستپێدەکات

بەڕێوەبەرایەتییەکە باسیلەوەشکرد:" لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە سەرەتا نمە باران دەبێت و پاشان بۆ بارانی مامناوەند دەگۆڕێت، دواتریش بەفر بارین دەستپێدەکات و تەواوی ناوچە بەرزەکانی ئەو سنوورانە دەگرێتەوە".

ئاستی بارانی پێشبینیکراو لە سلێمانی لەسەروی ١٠ ملم دەبێت

روونیشیکردەوە:" ئاستی بارانی پێشبینیکراو لە سلێمانی لەسەروی ١٠ ملم دەبێت، لە سەنتەری دهۆک لەگەڵ بارینی باران هەندێکجار ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم هەیە".

تا کاتەکانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە

جەختیلەوەشکرد:" کاریگەری ئەم شەپۆلە تا کاتەکانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە، لەماوەی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکەش بەرزترین پلەکانی گەرما دەبێت بە دوو تا سێ پلە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا