ئەندامێکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیمتیداد ئاشکرایکرد، بزوتنەوەکەیان بڕیاریداوە بەشداری دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکات، بەڵام جەختیلەوەکردووەتەوە بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی پشک پشکێنە ناکات.
حەیدەر سەلامی ئەندامی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیمتیداد ئاماژەی بەوەکرد:" بزوتنەوەی ئیمتیداد بەشداری دانیشتنی رۆژی ٢٦ی ئازاری پەرلەمانی عێراق دەکات و نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یاخود پەکخستنی دانیشتنەکە، بەڵام جەختلەوە دەکاتەوە کە نابێتە بەشێک لەو لایەنانەی کە بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی پشک پشکێنە دەکەن و حکومەتی لەو شێوەیە رەتدەکاتەوە".
ئەوەشیخستەڕوو:" هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک کە پێکهاتووە (بزوتنەوەی ئیمتیداد و جوڵانەوەی نەوەی نوێ) کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەیە، کە ئەویش رێبوار ئەورەحمانە لە فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ".
ئستەمە کاندیدی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەڵببژێرێت
راشیگەیاند:" هەڵبژاردنی کاندیدەکەی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کەمێک ئەستەمە، بەڵام خۆپاڵاوتنی ئەو کاندیدە بۆ ئەو پۆستە پەیامێکی ئۆپزسیۆنە بۆ حزبە کلاسیکییەکانی عێراق".
سەبارەت بە داواکارییەکانی بزوتنەوە و هاوپەیمانێتییەکان لە سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق پێشمەرجەکانیان بۆ کاندیدەکانی ئەو پۆستە ئەوەشیخستەڕوو:" پێویستە سەرۆککۆماری داهاتوو دۆزەوەی بکوژی خۆپیشاندەران بێت و هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوڵاتییانی عێراق، ئەو کات ئامادە دەبین دەنگ بەو کاندیدە بدەین".