بەڕێوەبەرایەتی کارەبای راپەڕین ١٥ رۆژ مۆڵەت دەداتە هاوڵاتییان

کوردستان 29/06/2022

Alternate Text

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ١٥ رۆژ دەداتە ئەو ماڵانەی کە پێوەری زیرەکیان بەستووە و بەڵام هاوبەشی کارەبا نین، کە سەردانی فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا بکەن لە سنوورەکە، ئەگەرنا کارەباکەیان دەکوژێندرێتەوە.

 بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سنووری ئیدارەی  سەربەخۆی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" ئاگادارى هاوڵاتییانى سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى راپەڕین دەکەینەوە، ئەو ماڵانەى لەناوسەنتەرى قەزاو ناحیەکان یان لەناو گوندەکانن و پێوەرى زیرەکیان بۆ بەستراوە، بەڵام تاکو ئێستا هاوبەش(اشتراک)ى کارەبایان نەکردووە بەزووترین کات سەردانى فەرمانگەکانى کارەبا بکەن لەسنووری شوێنى نیشتەجێبوونیان، بەمەبەستى هاوبەشى کردنى کارەبا لەماوەى (١٥) رۆژدا".

هەر ماڵێک هاوبەشى کارەبا نەبێت و پێوەری زیرەکی بەستبێت، پێوەرە زیرەکەکەی دەکوژیندرێنەوە

ئەوەشی خستەڕوو:" هەر ماڵێک هاوبەشى کارەبا نەبێت و پێوەری زیرەکی بەستبێت، پێوەرە زیرەکەکەی دەکوژیندرێنەوە و بەهیچ شێوەیەک پێناکرێتەوە تەنانەت لە رێگەی کۆڵسەنتەریشەوە تاوەکو نەبێت بە هاوبەشى کارەبا".
راشیگەیاند:" ١٥ رۆژ مۆڵەتەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و  هەرکەسێک دواى کوژانەوەى کارەباکەى دەستکارى پێوەرە زیرەکەکەی بکات یاخود بیەوێت کارەباکەى(حر) ئازاد بکات تووشى سزاى یاسایی و دارایی دەبێتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا روونیشیکردەوە:" بڕیاری ١٥ رۆژ مۆڵەتەکە، باخ و کێڵگەکان ناگرێتەوە، تاوەکو بڕیاری نوێی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە باخە زیادەڕۆکان دەردەچێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا