"ژمارەیەک پەرلەمانتار ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەی ١٧١ روفاتی قوربانیانی تاوانەکانی ئەنفال دروستدەکەن"

کوردستان 09/08/2022

Alternate Text

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاستەنگییان بۆ هێنانەوەی ١٧١ روفاتی قوربانیانی تاوانەکانی ئەنفال دروستکردووە، کە لە گۆڕەکانی بە کۆمەڵەکانی باشووری عێراق زیندەبەچاڵکرابوون.

 وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد:" ماوەیەكە لەلایەن كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، پرسیار دەكرێت لەبارەی روفاتی قوربانیانی تاوانەكانی ئەنفال كە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی باشوری عێراق زیندەبەچاڵ كرابوون، بۆیە بە پێویستمان زانی روونکردنەوەیەک لەسەر ئەو پرسە بۆ رای گشتی بڵاوبکەینەوە".
ئەوەشی خستەڕوو:"هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئەركی گەڕان بە شوێن چارەنووسی قوربانیانی ئەو تاوانانە و دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دواتریش هەڵدانەوەیان لەچوارچێوەی تیمی نیشتمانی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراق”.

هێنانەوەی روفاتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە پێشینەی کارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە

راشیگەیاند:" بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ژمارە (٥)ی ساڵی ( ٢٠٠٦), هێنانەوەی روفاتی شەهیدەكانی بۆ كوردستان كردووەتە پێشینەی كارەكانی، لەو چوارچێوەیەشدا لەساڵی (٢٠١٩) و لەكاتی دۆزینەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانی سەماوە و بە دیاریكراوی لەناوچەی (تل الشیخیە)، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی وەزارەتمان بەهەماهەنگی دەزگای شەهیدانی عێراق تیمەكانیان ناردە شوێنی گۆڕەكان و بەشداربوون لەهەڵدانەوەی گۆڕەكان و گواستنەوەی ڕوفاتی (١٧١)شەهیدی جینۆسایدکراو بۆ پزیشكی دادی بەغداد بەمەبەستی ئەنجامدانی شیكاری و گرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و زانستیەكان و دواتر هێنانەوەیان بۆ كوردستان". .
لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان روونیشیکردەوە:" بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا (کۆڤید ١٩)ەوە بۆ ماوەیەك هێنانەوەی روفاتەکان دواكەوت و پاش رەوینەوەی ئەو پەتایە وەزارەتمان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەنديدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاری پێویستی ئەنجامدا بۆ هێنانەوەی شكۆمەندانەی روفاتەكان و بەخاكسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان، بۆ ئەم مەبەستەش جارێكی تر شاندی وەزارەت و پزیشكی دادی هەولێر لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراقیان كردوو گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە كرا و بڕیاردرا لەماوەیەكی نزیكدا لە رێوڕەسمێكی شایستەدا ئەو ئەركە نیشتمانیە بگاتە ئەنجام".
راشیگەیاند:" ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك بەناوی كەس وكاری قوربانیان نامەی ناڕەزاییان لەگەڕاندنەوەی ڕوفاتەكان دایە دەزگای شەهیدانی عێراق ، كە رازی نین بەو رێکكارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ هێنانەوەی رووفاتی شەهیدانی گۆرە بەکۆمەڵەکان و شەهیدانی جینۆسایدكراو گرفتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دروست كرد، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران كرد و تیایدا گفتووگۆی چڕوپڕ لەم بارەیەوە كرا و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو روفاتانە کردەوە، كە ژمارەیان (١٧١) روفاتە و هەموو ئامادەكاریەكیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە و هەوڵەكانیش بەردەوام دەبێت بۆ هێنانەوەی ئەو روفاتانە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا