وڵاتی میسڕ بە فەرمی بانگهێشتی دەستەی گەشتوگوزار و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبە دەکات بۆ بەشداریکردن لە پێشانگایەکی گەشتیاری.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم لە دیوانی دەستە پێشوازیکرد لە (ئەمیرە) بەرپرسی ژوری ئابووری و بازرگانی کونسوڵخانەی گشتی میسڕ لە شاری هەولێر، تایبەت بە بانگهێشتکردنی دەستەکە بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای گەشتیاری وڵاتی میسڕ".
ئەوەشی خستەڕوو:" لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی ژووری ئابووری و بازرگانی کونسوڵخانەی میسڕ لە هەولێر، بە فەرمی بانگهێشتکردنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کرد بۆ بەشداریکردن لە پێشانگایەکی گەشتیاری، کە بڕیارە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو لە شاری قاهیرەی وڵاتی میسڕ بە بەشداری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بەڕێوەبچێت".