ئەمڕۆ، کۆمپانیای دیلۆیت وردەکاری پڕۆسەی هەناردەکردن و داهاتی نەوت لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، کۆمپانیای دیلۆیت کە وردبینی لە بڕی هەناردەی نەوتی هەرێم و داهاتەکەی دەکات، راپۆرتی پەیوەست بە بڕی هەناردەی نەوت و داهاتەکەی لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی دیلۆیت، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ تێکڕای نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ٣٧ ملیۆن و ٦١٨ هەزار بەرمیل بووە بە نرخی ١٠٠ دۆلار و ٣٨ سەنت بۆ یەک بەرمیل بە شێوەی مامناوەندی و تێکڕای داهاتەکەشی سێ ملیار و ٧٧٦ ملیۆن دۆلاربووە".
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆ، لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ ٢٣٧ هەزار و ٤٧٥ بەرمیل نەوت بە نرخی ٥٤ دۆلار و ٨ سەنت بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان فرۆشراوە بەمەبەستی دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، کە تێکڕای داهاتەکەی ١٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار بووە.
دیلۆیت دەڵێت:" کۆی بەهای نەوت فرۆشراو لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ زیاتر لە سێ ملیار و ٧٨٩ ملیۆن دۆلار بووە کە زیاتر لە دوو ملیار و ٢١٧ ملیۆن دۆلار بۆ دانەوەی قەرز و خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت خەرجکراوە، هەروەها تێکڕای پوختەی داهاتی سافیش کە گەڕابێتەوە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیار و ٥٧١ ملیۆن دۆلار بووە کە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و جێبەجیکردنی پڕۆژەکان تەرخانکراوە".