ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاشکرایکرد، سبەینێ کۆمیتەی ناوەندی پارتی یەکەمین کۆبوونەوەی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکە ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لە ناردنی شاندی پارتی بۆ لای یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەدرێت.
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد:" دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە کۆنگرەی ١٤هەمینی پارتیدا، سبەینێ شەممە، کۆمیتەی ناوەندی پارتی یەکەم کۆبوونەوەی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەری بڵند ئەنجامدەدات"
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بڵند ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو:" تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەب سیاسی حزبەکە و تاوتوێکردنی پرسی مەکتەب سیاسی دەبێت".
راشیگەیاند:" وابڕیارە لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا، دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەب سیاسی، ناردنی شاندی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بخرێتە بەرباس و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدرێت".