بانکی ناوەندی هۆشداری لە سپیکردنەوەی دۆلار لە رێگەی کارتی بانکی لە دەرەوەی وڵات دەدات و دەڵێت، هەر کەس و لایەنێک کارتی بانکی بۆ سپیکردنەوەی دۆلار بەکاربهێنێت دەدرێتە دادگا.
بانکی ناوەندی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:" بانکی ناوەندی سەرکەوتووبووە لە دابینکردنی خواستی هاوڵاتییان لەسەر دۆلار بە نرخی فەرمی، ئەوەش بە سوودبینین لە کارتی بانک و سیستەمی ئەلیکترۆنی".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" ژمارەیەک لەو کەس و لایەنانەی کارتی بانکیان پێدراوە، کارتەکانیان بە مەبەستی خراپ و بۆ سپیکردنەوەی دۆلار لە بازاڕەکاندا بەکارهێناوە، بە گوێرەی ئەو راپۆڕت و بەڵگانەی دەست بانکی ناوەندی گەیشتووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لەمەودوا بانکی ناوەندی پشت بە سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی توند لەوبارەیەوە ببەستێت، کە کۆتایی بە سەرجەم ئەو ساختەکاری و سپیکردنەوەی ئەو دراوە بهێنێت".
راشیگەیاندووە:"رێککاری یاساییەکانی بەرامبەر سەرجەم سەرپێچیکارەکان لە پرسی دۆلاردا گیراوەتەبەر و دۆسییەکانیان رەوانەی دادگا کراوە".
بانکی ناوەندی لە راگەیەندراوەکەدا، پەرۆشی خۆشی دووپاتکردووەتەوە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری لە بازاڕەکانی دراودا و رایگەیاندووە، هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەگرنەبەر.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی جارێکی دیکەی نرخی دۆلار و ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی دراودا دەشڵێت:" چالاکی نایاسایی بازرگانەکان و بە قاچاخبردنە دەرەوەی دۆلار لە وڵات، وایکردووە نرخی دۆلار جارێکی دیکە روو لە بەرزبوونەوە بکات، بەڵام دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتییان کە هەوڵەکانمان چڕترکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕەکانی دراو".