سلێمانی.. کەسێک دەستگیرکرا کە بە فێڵ 40 هەزار دۆلاری لە هاوڵاتییەک وەرگرتبوو

کوردستان 22/03/2024

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکرد کە بە فێڵ بڕی 40 هەزار دۆلاری لە خێزانێک وەرگرتووە و بەڵێنی پێداون کە بیانگوازێتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام دوای وەرگرتنی پارەکە خۆی ونکردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە تۆمەتبارێک فێڵی لێکردووە و بە پاساوی ئەوەی خۆی و خێزانەکەی دەبات بۆ دەرەوەی وڵات بڕی 40 هەزار (چوار دەفتەر) دۆلاری لێ وەرگرتووەو دواتر تۆمەتبار خۆی ونکردووە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد ".

ئەوەشی خستەڕوو، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی هەواری شار توانییان شوێنی تۆمەتبار بدۆزنەوە و بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەرین لەقەزای رانیە دەستگیریانکرد.

پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشکرد:" لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بەوەدانا کە بەو پارەیەی لەسکاڵاکاری سەندووە، ئۆتۆمبێلێک و دەمانچەیەکی کڕیوە، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە توانرا دەستبەسەر ئۆتۆمبێل و دەمانچەکە و بڕی ماوەی پارەکەدا بگیرێت ".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە:" لەئێستادا تۆمەتبار (س، ج، س) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادان راگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا