پوتین: دەمانەوێت بزانین کێ لە پشت هێرشەکەی مۆسکۆیە

جیهان پێش 4 هەفتە

Alternate Text

سەرەڕای ئەوەی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند، سەرۆکی روسیا رۆژئاوا و ئۆکرانیا بە هێرشەکەی سەر مۆسکۆ تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، دەیانەوێت بزانن کێ فەرمانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە داوە.
دوای ئەوەی گروپێکی سەر بە رێکخراوی تیرۆرستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر هۆڵی کۆنسێرتەکەی مۆسکۆ لە ئەستۆگرت، بەرپرسانی روسیا کیێڤ و وڵاتانی رۆژئاوا بە تێوەگلان لەو هێرشە تۆمەتبار دەکەن.
هەرچەندە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشەکە دەستبەجێ سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بێبەریبوونی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و ئەمەریکاش پەیامێکی هاوخەمەمی ئاڕاستەی روسیا کرد، بەڵام ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە:" ئەو گروپەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا و ئۆکرانیایان هەبووە".
پێشتر ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، زیاتر لە 10 رۆژ پێش رووداوەکە زانیارییان هەبووە سەبارەت بە هێرشەکەی سەر پایتەختی روسیا و بەرپرسانی مۆسکۆشیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە.
پوتین دوای رووداوەکە وتی:" ئێمە دەزانین کە ئەم تاوانە لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە ئەنجامدراوە، بەڵام ئێستا دەمانەوێت بزانین کە فەرمانی بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە کردووە".
رۆژی هەینی رابردوو هێرشێکی چەکداری لەلایەن چەند کەسێکەوە کرایە سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە شاری مۆسکۆی پایتەختی روسیا و بەهۆیەوە نزیکەی 140 کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
دوابەدوای هێرشەکە گروپێکی سەر بە رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا