بۆ مووچەی مانگی شوبات، 200 ملیار دینار کورتهێنان هەیە

کوردستان پێش 4 هەفتە

Alternate Text

وەزیرێکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ مووچەی مانگی شوبات 200 ملیار دینار کورتهێنان هەیە.

وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی بۆ دەنگی ئەمەریکا کردووە، رایگەیاندووە،حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو کە بڕیاری دابەشکردنی داوە، 200 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، بەو پێیەی داهاتی ناوخۆ کەمبووەتەوە و ئەو پارەیەی لە عێراقیشەوە نێردراوە بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆران ناکات.

ئەو وەزیرە وتووشیەتی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا، لایەنە حکومییەکانی ڕاسپارد بەهەر شێوازێک بێت، تەنانەت قەرزیش بێت، ئەو 200 ملیار دینارە دابینبکەن و مووچەی مانگی دوو دابەشبکەن.

دەشڵێت، دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بڕیاری لێدرا و دابەشدەکرێت، بەڵام هێشتا بەرچاو ڕوونی نییە بۆ مووچەی مانگی ئازار بەوەی عێراق گرفت دروستدەکات یاخود نا.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم کە لە دوایین دیداری رۆژنامەوانیدا باسی لێوەکردبوو، داهاتی ناوخۆی مانگانە 350 ملیار دینارە، بەو پێیەی حکومەتی هەرێم لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا کە ئازاری 2024ە، پێنج مووچەی دابەشنەکردووە، دەبێت نزیکەی دوو ترلیۆن دیناری تەنها لە داهاتی ناوخۆ لەدەستدا بێت، بەڵام چارەنوسی ئەو بڕە داهاتە دیار نییە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا