قوباد تاڵەبانی لە گەرمیان چی کرد؟

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

سەردانەکەی دوو رۆژی رابردووی قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان و لێککەوتەکانی؛ بەشێک لە برینەکانی قوربانییانی ئەنفالی ساڕێژکردەوە و پێداکردنی ئاوێک بوو بە هەناوی سووتاویان، هیوایەکیشی بە خەڵکی ناوچەکە بەخشی، بەوەی دروشم و بەڵێنەکان بکرێن بە کردار و خزمەتی زیاتری خەڵکی ناوچەکە بکرێت.

بە پێی راگەیەندراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لە بڕیارەکانی جێگری سەرۆکوەزیران، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی گەرمیاندان:

* لە نزیکترین ماوەدا دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار و رێککارە یاسایی و کارگێڕییەکانیشی بە زوویی تەواو دەکرێت

* جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە بواری رێگەوباندا

* بڕیاردرا هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکرێت بۆ باشتر خزمەتکردن و جێبەجێکردنی داواکاری هاوڵاتییانی گەرمیان و شێوازی مامەڵە لەگەڵ خزمەتخواز باشتر بکرێت

* تەرخانکردنی 15 ملیار دینار بۆ ئیدارەی گەرمیان

* تەرخانکردنی بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ دوو پڕۆژە لە دەربەندیخان کە تەواو نەکراون، یەکێک لەوانە پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکەیە کە پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخاندەکرێت، بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ چەند پڕۆژەیەکی پەککەوتووی قەزای دەربەندیخان تەرخانکراوە، کە ئەو پڕۆژانە خۆیان لە دابینکردنی خزمەتگوزاریدا دەبیننەوە.

سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران تەنها لە پێناو بەشداریکردنێکی ئاسایی لە یادی ئەنفالی گەرمیان نەبوو، بەڵکو دەرفەتێکیش بوو بۆ بەدواداچوون و بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانەی کە پێشتر دایبوون، لەوبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی وتی:

"ساڵی 2018 بەڵێنم پێدان کێشەی گازی بەفیڕۆچوو و ژەهراوی حەسیرە چارەسەر بکەین کە زیانی زۆری بۆ ژینگەی دەڤەرەکە هەبوو"

"بە خۆشحاڵییەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای حەسیرە ئەو بەڵێنەمان بەجێ گەیاند کە توانای بەرهەمهێنانی 160 مێگاوات کارەبای هەیە و فراوانتریشی دەکەین"

"سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانمان لە کفری کردەوە، ئەمەش یەکێک بوو لە بەڵێنەکان و هیوادارین ئەم زانکۆیە رۆڵی گرنگ ببینێت لە گەشەپێدانی کفری و دەڤەری گەرمیان"

"سەرای کفریشمان کردەوە کە پێشتر بەڵێنی نۆژەنکردنەوەیمان دابوو"

- لەبارەی قوربانییەکانی گەرمیانەوە چی وت؟

لە میانەی بەشداریکردنی لە 36 ساڵەی یادی شاڵاوی ئەنفالی گەرمیاندا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:" بۆ گەلی کورد، گەرمیان خاکی پیرۆزە، چونکە بست بە بستی ئەم خاکە شوێنپێی شەهیدێکی ئەنفالی لە ئامێز گرتووە ".

" بە دڵنیاییشەوە تا ئەو رۆژەی کورد بمێنێت نە تاوانی ئەنفال و نە یاد و ناوی پیرۆزی 182 هەزار شەهیدی ئەنفال لەبیر دەکات " قوباد تاڵەبانی وای وت.

کورد ئەو میللەتەیە کە بەناو ئاگر و دۆزەخی ئەنفال و هەڵەبجەدا تێپەڕی

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی:" یاد و ناویان بۆ هەتاهەتایە لە دڵماندا بە پیرۆزی هەڵدەگرین، کورد ئەو میللەتەیە کە بەناو ئاگر و دۆزەخی ئەنفال و هەڵەبجەدا تێپەڕی و هەروا زیندوو و لەسەرپێ ماوەتەوە، بۆیە بۆ هەتا هەتایەش هەروا زیندوو دەمێنێتەوە ".

- تەرخانکردنی 15 ملیار دینار بۆ ئیدارەی گەرمیان

ئەمڕۆ دووشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پەیامنێری BMC رایگەیاند:" بڕیارمانداوە بە تەرخانکردنی بڕی 15 ملیار دینار بۆ ئیدارەی گەرمیان بەمەبەستی بەگەڕخستنەوەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری کە کارەکانیان وەستاوە ".

بڕی ئەو بودجەیە زیاد دەکەین کە بۆ تەواوکردنی رێگەی سلێمانی-کەلار تەرخانکراوە

وتیشی:" بڕی ئەو بودجەیە زیاد دەکەین کە بۆ تەواوکردنی رێگەی سلێمانی-کەلار تەرخانکراوە، قۆناغ بە قۆناغیش پڕۆژەکە تەواو دەکرێت ".

- کردنەوەی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان

لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان، جێگری سەرۆکوەزیران بە یاوەری ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کفری، سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانی کردەوە و لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆکە کۆبووەوە.

جێگری سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی کردنەوەی زانکۆکەی لە دانیشتوانی کفری و بەڕێوبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان کرد و دوای گوێلگرتن لە داواکاری و پلانی پێشخستنی زانکۆکە، داوای لێکردن بە هەموو توانایانەوە کار بکەن زانکۆکە بکەنە زانکۆکەیەکی نمونەیی بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی دەڤەری گەرمیان.

وتیشی:" پێویستە ستراتیژی زانکۆکە پێگەیاندنی خوێندکاران بێت بە توانایەکی بەرزی زانستییەوە و ئامادەکردنیان بێت بۆ چوونە ناو بازاڕی کارەوە ".

- پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار دەخرێتەوە بورای جێبەجێکردنەوە

کەرتی گەشتیاری یەكێکە لەو پرسە گرنگانەی کە ساڵانێکە قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر دەکاتەوە و دەیەوێت هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، کوردستانیش کەرتێکی بەهێزی گەشتیاری هەبێت و ببێتە چەقی راکێشانی گەشتیار لە وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی داهاتێکی زۆر بۆ خەڵکی ناوچەکە و حکومەتیش پەیدا دەکات، لەرێگەشییەوە سەدان هەزار هەلی کار بۆ گەنجار دەڕەخسێنرێت.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ گەرمیان، جێگری سەرۆکوەزیران بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی بەنداوی باوەشاسواری کرد.

لە سەردانەکەدا تاوتوێی رێککارەکان و چۆنییەتی دروستکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری لەسەر بەنداوەکە کرا و داوایکرد دەستەی گەشتوگوزار بە هاوکاری ئیدارەی گەرمیان لە نزیکترین ماوەدا پڕۆژەی گەشتیاری بەنداوی باوەشاسوار بخەنە بورای جێبەجێکردنەوە.

قوباد تاڵەبانی داوایکرد رێککارە یاسایی و کارگێڕییەکانی ئەم پڕۆژەیە بەزووترین کات تەواو بکرێن، کە چەندین هەلی کار دەڕەخسێنێت و دەبێتە هۆکارێک بۆ پەڕەپێدانی ژێرخانی ئابوری دەڤەرەکە.

- دروشمی زۆر وتراوە و قسەی زۆر کراوە

قوباد تاڵەبانی رایوایە کە چیدیکە کاتی دروشم و بەڵێنی بێ کردار نەماوە و دەڵێت :" خەڵک بێزار بووە لە قسەی دورودرێژ، لەبری ئەوا هەوڵ دەدەین کاری باشتر بۆ هاوڵاتییان بکەین و وابکەین حکومەتی خۆجێی ئیدارەی گەرمیان زیاتر خزمەتی خەڵک بکەن و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن ".

گەشبینم لەوەی دەڤەری گەرمیان ئاوەدانی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت

ئاماژەی بەوەشکرد:" گەشبینم لەوەی دەڤەری گەرمیان ئاوەدانی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت و خزمەتی زیاتری دانیشتووانی ناوچەکە دەکرێت ".

- تەرخانکردنی 10 ملیۆن دۆلار بۆ دەربەندیخان

جیا لە قەزاکانی کفری و کەلار، دەربەندیخانیش یەکێک بوو لەو ناوچانەی قوباد تاڵەبانی بڕیاری لە بەرژەوەندی دانیشتووانی سنوورەکە داوە و بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ چەند پڕۆژەیەکی پەککەوتووی قەزاکە تەرخانکرد.

یەکێک لەو پڕۆژانە پاڵاوگەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکەیە کە پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخاندەکرێت، بەمەبەستی تەواوکردنیشی، گرێبەست لە نێوان کۆمپانیای ئۆهیتانی جێبەجێکاری پڕۆژەکە و چەند ئەندازیارێکدا واژۆکراوە.

بەدەر لەوەش، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ چەند پڕۆژەیەکی پەککەوتووی قەزای دەربەندیخان تەرخانکراوە، کە ئەو پڕۆژانە خۆیان لە دابینکردنی خزمەتگوزاریدا دەبیننەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا