بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، سوپای وڵاتەکە بڕیاریداوە بە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران.
ئەمشەوی دووشەممە، کەناڵ12ی ئیسرائیل رایگەیاند:" دوای کۆبوونەوەی کابینەی جەنگی، سەرکردایەتی سیاسی و ئەمنی ئیسرائیل بڕیاریداوە بە وەڵامدانەوەی ئێران بە شێوەیەکی ئاشکرا و یەکلاکەرەوە".
بە رێگەیەک بێت کە ناوچەکە پەلکێشی جەنگ نەکات
کەناڵەکە باسی لەوەش کردووە، ئەگەری زۆرە وەڵامدانەوەی ئێران بە رێگەیەک بێت کە ناوچەکە پەلکێشی جەنگ نەکات.
ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی F15 AX هێرشەکە ئەنجامدەدات
هەروەها، میدیاکانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە کە ئیسرائیل بڕیاریداوە بە فڕۆکەی جەنگی F15 AX هێرشبکاتە سەر خاکی ئێران وەک وەڵامی هێرشەکەی شەوی شەممەی سوپای پاسداران بۆسەر خاکی ئیسرائیل.
ئەمەریکا پشتگیری ئیسرائیل ناکات لە وەڵامدانەوەی ئێران
لە لایەکی دیکەشەوە، تۆڕی هەواڵی ABC ئەمەریکی رایگەیاندووە کە ئیدارەی ئەمەریکا بە روونی ئەوەیان بە حکومەتی ئیسرائیل راگەیاندووە کە بە هەموو شێوەیەک وەڵامدانەوەی ئێران رەتدەکەنەوە و بە هیچ شێوەیەکیش ئەمەریکا بەشداری لە تۆڵەسەندنەوە لە ئێران ناکات.