وتەبێژی وەزارەتی دارایی: مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق لە یەک کاتدا دابەشدەکرێت

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەمان میکانیزمی مانگی رابردوو، هاوکات لەگەڵ مووچەخۆرانی عێراق دابەشدەکرێت.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد:" لە دوای پشووەکانی جەژنەوە دەستمان بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار کردووە و تاکو ئێستا چەند وەزارەتێک لیستەکەیان بۆ ناردووین ".

وتیشی:" چاوەڕێین سەرجەم وەزارەتەکان لیستی مووچە بنێرن، بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوی لیستی مووچەخۆران رەوانەی بەغدا بکەین و لەگەڵ تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی هەرێمیش رەوانە بکرێت ".

لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش باسی لەوەکرد:" دەستمان بە رێککارەکانی پرۆسەکە کردووە، بەڵام ئەم بابەتە کاتێکی زۆری دەوێت، چونکە دەبێت وردبینی لە دۆسیەی تەواوی مووچەخۆران بکرێت، لەگەڵ ناردنی ئەو وردبینییانە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم، ئێمەش رەوانەی بەغدای دەکەین ".

وتەبێژی وەزارەتی دارایی باسی تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد رایگەیاند:" بەدیلی بانکی رەشید و رافیدەینمان بۆ تەوتینکردنی مووچە دۆزوەتەوە، کە بانکی نیشتیمانە، کە مۆڵەتی فەرمی هەیە لە بانکی ناوەندی ".

سەبارەت بە پڕۆژەی "هەژماری من"یش وتی:" پڕۆژەکە هیچ کێشەیەکی نییە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و تۆمارکردنی ناوی مووچەخۆران لەو پڕۆژەیە لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێم بەردەوامە ".





ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا