مەسعود بارزانی: دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگە

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

مەسعود بارزانی رایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی پێشوازیکرد لە تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق.

بە پێی راگەیەندراوەکە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە:" پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن و سیغەیەكی گونجاو بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە ".

مەسعود بارزانی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات كە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن، "بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت ".

هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن

سەرۆکی وتی:" ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بەڵام هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیایشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە ".

 لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە:" مەسعود بارزانی هیوای خواست كە بە بەشداریی هەموو لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی عێراقی بتوانرێ كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێن و ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە و پاك و شەفاف خۆش بكرێت و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا