Alternate Text

گۆڕانکاری کەش و هەوا...چارەسەر پێش ترساندنی خەڵک

خالید سولەیمان‌ 23/03/2021

ئەم بەیانییە، دوای سەفەرێکی چەند ڕۆژە بۆ گەرمیان گەیشتمەوە سلێمانی. لە تەکسییەکی ناوخۆی شاردا، شۆفێرەکە باسی گەرمای دەکردو دەیەویست بزانێت کەی ئەم تەوژمی گەرمایە تەواو دەبێت! وەڵامێکم پێ نەبوو، بەڵام لە قسەکردندا باسی ئەوەم کرد کە گەرماکە گشتگیرەو هەموو جیهانی گرتوەتەوە. لە ڕێگەی سەفەریش لە گەرمیانەوە بۆ سلێمانی خەریکی خوێندنەوەی دوا ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان بووم لەسەر گۆڕانکاری کەش و هەواو میکانیزمەکانی ساردکردنەوەی زەوی کە زیاتر خۆیان لە ئیدارەکردنی دوورمەودای سەرچاوە سروشتییەکان و دەستهەڵگرتن لە نەوت و گازو خەڵووزدا دەبیننەوە. سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئیتر کاتی دواخستن و لێبوردن نیە و دەبێت مرۆڤایەتی دەست بە کارکردن بکات بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا. هەنگاوی یەکەمی ڕووبەڕووبونەوە وازهێنانی تەواوەتیە لە سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و گازو خەڵووز لە ساڵی ٢٠٥٠دا، ئەم هەنگاوە بۆی هەیە گەرمای زەوی لە (١،٥)دا ڕابگرێت؛ ئەویش بە دەستبردن بۆ وزەی نوێ بوەوەی وەک هەتا، هەواو هەروەها وزەی ئۆرگانیک لەگەڵ ئیدارەیەکی حەکیمانەی سەرچاوەکانی وەک ئاو و دارستان و ئیکۆ-سیستم.

هەڵبەتە پێش ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان، راپۆرتێکی تریش لەسەر سەرچاوەکانی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا لەلایەن بەنکی نێودەوڵەتییەوە بڵاوبوەتەوەو میکانیزمی ڕووبەڕووبونەوەی کەمئاویی خراوەتەڕوو.

بە گەڕانەوە بۆ قسەکانی شۆفێرەکەی ناو سلێمانی، لێم پرسی کە زانیاری چی هەیە دەربارەی دۆخەکە؟ لە وەڵامدا وتی میدیاکان دەڵێن دووای چەند ساڵێک عیراق بۆ ژیان دەست نادات و چۆڵ دەبێت. باسی ئەوەشی کرد کە ڕاپۆرتەکە ئەمریکییەو خۆی گوێی لێ نەبوەو تەنها بیستویەتی کەوا دەڵێت. لێرەوە دەپرسم باشە بۆ میدیای کوردی ئەوەندە بە نابەرپرسانە شتەکان دەخاتەڕوو، ترس لەناو خەڵکدا بڵاودەکاتەوە؟ گوایە بڵێی ڕۆژنامەنووسەکان ڕاپۆرتەکانیان خوێندبێتەوەو لێیان تێگەیشتبێتن، ئەی کوان ئەو چارەسەرانەی وا باس دەکرێن و هەروەها ئەو میکانیزمانەی وا یارمەتی کۆمەڵگە ئەدەن بۆ بەردەوامیی و راهاتن و کەمکردنەوەی زیانەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا؟ بەکورتیەکەی، میدیای کوردی تەنها سەردێری ڕاپۆرتەکان دەخوێنێتەوەو لەپێناو ئەوەدا کار ناکات کۆمەڵگە لە مەترسیەکان هۆشیار بکاتەوەو چارەسەر پیشان بدات، چونکە لەگەڵ هەر ڕاپۆرتێکی زانستیدا کۆمەڵێ میکانیزم و ڕێگەچارە پێشکەش دەکرێن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دەرەنجامەکانی گۆڕانکاری ژینگە وەک: - ئیدارەکردنی حەکیمانەی سەرچاوە سروشتییەکان، لەناویاندا سەڕچاوەی ئاو. - چارەسەرکردنی ئاوی بەکارهاتوو بۆ مەبەستی ئاودێری و پیشەسازی و کشتوکاڵ. - بەکارهێنانی وزەی نوێبوەوە (هەتاو، هەوا ... هتد) - پاراستنی سیستمی ژینگەیی وڵات، وەک دارستان و ژیانی کێویانەو فرە-چەشنیی. - دەستگرتن بە کارەباوە، چالاککردنی سیستمی هاتوچۆی گشتی لەپێناو کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. - دەستگرتن بە خۆراک و کۆنترۆڵکردنی زیادەڕۆیی لە بەرهەمهێنانی گۆشت و بەکارهێنانیدا.

- بەشداریکردنی کۆمەڵگە لە چارەسەرەکاندا. - ڕێکخستنی نشونمای دانیشتوان.

- ڕێکخستنەوەی ژێرخانی شارەکان و سیستمی ئاوەڕۆ - هەڵمەتی چاندن و سەوزکردنەوە.

-چارەسەری پشت بەستوو بە سروشت.

-پەنابردن بۆ کشتوکاڵی دوورمەودا، وەک ئەو بەروبومانەی بە ڕێژەیەکی کەمی ئاو بەرهەم دەهێنرێن و ئاسایشی خۆراک دابین دەکەن.

-گۆڕانکاری لە سیستمی نیشتەجێبوون و خانووبەرەدا. ئێمە چی بە سروشت دەکەین، سروشتیش ئەوەمان دەداتێ، چەندێ دەستمان پێوە بێت و بیپارێزین و بوونەوەرەکانی لەناو نەبەین و سەوزی بکەین، ئەویش زیاترمان دەداتێ. بەقەدەر خراپەکاریشمان لەگەڵ سروشتدا، خراپترمان دەداتێ.