Alternate Text

گوڵی ڕەش

خالید سولەیمان‌ 23/03/2021

وەک شێرزاد حەسەن خۆی دەنووسێت، ئەو کەسەی بەکوشتنی ئەو رادەسپێردراوە، هیچی لەبارەوە نازانێت و نایناسێت، ناشازانێت ئەم شێرزاد حەسەنە کێیەو چی نووسیوەو چی وتووە. تاکە شتێک دەیزانێت ئەوەیە کە دەبێ بکوژرێت، لەپای ئەوەشدا وادەی گەیشتن بە حۆری و غولمان زامن دەکات. لە مێژووشدا زۆربەی بکوژەکان، هەروەک ئەم وێنەیە بوون و هیچ شتێکیان لەسەر قوربانییەکەی ژێر دەستیان نەزانیوە، تەنها وەزیفەیەکی ڕۆیتینییان هەبوەو بەجێیان گەیاندوە.
ئەو کەسەی بەکوشتنی شێرزاد حەسەن خۆی بۆ بەهەشت ئامادە دەکات، ئەگەر چیرۆکێک لە چیرۆکەکانی ناو کتێبی (گوڵی ڕەش) بخوێنێتەوە، بیرۆکەی کوشتنی لە بیر دەچێتەوەو ڕۆدەچێتە ناو جیهان کپ کراوەکەی خۆیەوە. لەگەڵ خودی خۆیدا یەکدەگرێت و وێنە ڕاستەقینەکەی ناوەوەی دەبینێت کە چۆن چەپێندارەو، ئەوە شێرزادە لەناو کولەمەرگییەکی کۆمەڵایەتی و سێکسییدا دەیدۆزێتەوەو ئاشکرای دەکات.
ڕۆژێک و دوو ڕۆژ نیە، شێرزاد سیمای تەڵخی ئێمە دەخاتە بەردەم ئاوێنەیەکی ڕوون و پێمان دەڵێت لە چی کولەمەرگییەکدا دەژین. دەمێکە وێنەی تاکی کۆمەڵگەی ئێمەی لە چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا (گوڵی ڕەش و حەسار وەک نموونە) وەک خۆی کێشاوە نەک وەک ئەوەی کۆمەڵگە دەیخوازێت. پاڵەوانەکانی شێرزاد لە شەرما دەژین و لەشەرما خۆشەویستی دەکەن و لە شەرمیشدا دەمرن. ئەگەر ئیسلامییەکان ئێستا ئەم نووسەرە کوردەیان دۆزیتەوەو دەیانەوێت گوناهەکانی خۆیانی پێ پاک بکەنەوە یان لە رێگەی کوشتنی ئەوەوە بگەنە بەهەشتی خودا، ئەوە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوەوە، پەردەی لەسەر جیهانی چەپێنراوەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی هەڵداوەتەوەو پێمان دەڵێت ئێمە لە خراپترین دۆخی مرۆییدا دەژین، بێ بەشین لە خۆشەویستی و ئارەزووی ژیان. لە تێکستەکانی شێرزاددا، تاکی ئێمە لە ناو بوتڵێکی سەرگیراودا خۆی گرمۆڵەکردوە، تاسێنراوەو دەنگی بەکەس ناگات، ئەو لە هەشتاکاندا هات و قەباغی بوتڵەکەی بۆ کردینەوەو لە دروشمە گەورەکان ڕزگاری کردین، کەچی ئیسلامییەکان تازە بە تازە دەیانەوێت بمانگەڕێننەوە بۆ دروشمەکان سەید قوتب و غەریزەی مەرگمان تیا بچێنن.
بەڵێ ڕاستەو قسەکانی شێرزاد بەجێن، سیستمی پەروەردەی ئێمە داعشێکی زۆر بەرهەم دەهێنێت، هەر لە قۆناغەکانی سەرەتاییەوە تا ناوەندی و دواناوەندی و تەنانەت زانکۆش، کەس و گروپە ئاینییە جیاوازەکان وەک کافرو خوانەناس و دووژمنی دین دەناسێنرێن، ئەمەش گرفتی هەموو وڵاتانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامییەکانە نەک تەنها کوردستان. ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦، دووای ئەوەی ڕۆژنامەنووسێکی ئوردنی بابەتێکی بنکۆڵکاریی بەناونیشانی (داعش لە خوێندگەکانماندا) بڵاوکردەوە، وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتە یەکسەر دەستی کرد بە ئیجرائات و هەموو ئەو تێکستانەی لە پەروردەی ئاینیدا لابرد کە هانی توندوتیژی و تەکفیر دەدەن. لە کوردستانیش لەسەر قسەیەک هاوشێوە، هەڕەشەی کوشتن لە ئایکۆنێکی گەورەی ئەدەبی و کولتووریی دەکرێت.
ئەگەر ئەو ئیسلامییەی وا دەیەوێت بە کوشتنی شێرزاد حەشەن بگاتە حۆریەکانی بەهەشت، بڕیاری کوشتنەکە دووابخات و شەوێک تەرخان بکات بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵە چیرۆکی (گوڵی ڕەش)، باشترین بڕیار لە ژیانیدا دەدات، چونکە لەوە تێدەگات کە کوشتن گوناهەو ئێمە شایستەی ژیانین.