Alternate Text

کێ لە لافاوەکانی هەولێر بەرپرسیارە؟

خالید سولەیمان‌ 23/03/2021

لە دووای ساڵی (٢٠٠٣)وە، لەگەڵ یەکەم بارانی بەخوڕدا، ڕووبەرێکی زۆری هەولێرو دەوروبەری، دەکەوێتە ژێر ئاوەوەو لافاو زیانێکی زۆر دەگەیەنێتە سەرو سامانی دانیشتوان. تا ئێستا دەزگاکانی حکومەت لە ئاستی پارێزگاو هەرێمدا، هەروەها میدیا زەبەلاحە <سەربەخۆکانی> پارتی، جگە لە ڕۆماڵی ڕووکەشی لافاوە دووبارەبوەکان، لە هۆکارو فاکتەرە بنەڕەتییەکان نزیک نابنەوە، شاردنەوەی هۆکارەکانیش وایکردووە هیچ چارەسەرێک بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم ماڵوێرانییە بەسەر دانیشتوانی هەولێردا نەدۆزرێتەوە. بەڵام کە کارەسات دووبارەو دووبارە دەبێتەوە، ئیتر لەگەڵ خۆیدا هۆکارەکانیش دەردەخات، چونکە هاووڵاتی کە سەرو سامانی لەدەستدا، هیچ شتێک نامێنێت سڵی لێ بکاتەوەو ڕاستیەکان دەڵێت.
لەم وەرزەدا (پایزی ٢٠٢١) بۆ جاری دووەم لافاو دروست دەبێت، جاری یەکەم کۆمپانیاکانی خانووبەرە خرانە ژێر پرسیارو بەرپرسیارێتییەوە، ئەمجارەش هۆکارە ڕاستەقینەکان دەرکەوتن و جگە لە کۆمپانیاکانی خان و بەرە، حکومەتیش لە ئاستی ناحیەو قەزاوە، تا دەگاتە پارێزگاو حکومەتی هەرێم، لەم کەیسە بەرپرسیارە. لەم نێوانەشدا، هەولێرو دەوروبەری باجی سیاسەتی بە <دوبەی>کردن دەدەن. لە لافاوەکەی دوێنێ شەو بەدوواوە، کە تا ئێستا بووەتە هۆی لەدەستدانی ١١ هاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەکەی نەزانراو، ئەمە جگە لەوەی بە ملیۆنان دۆلار زیانی بە سامانی هاووڵاتیان گەیاندووە. ئیتر نابێت و ناشێت ئەم کارەساتە لە بێدەنگیدا دووبارە ببێتەوەو خەڵکی هەولێریش لەهەر بارانێک بترسین کە ڕوویان تێدەکات.
بەیاننامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەم بارەیەوە، هەموو شتێک لەسەر تێکدانی تۆبۆگرافیای شارەکە دەڕەوێنێتەوەو ئەوەش بەباشی ڕوون دەکاتەوە کە سیاسەتی هەڕەمەکی بنیادان هۆکاری ئەم کارەساتەیە. بەیاننامەکە دەڵێت، <ناکرێت فراوانکردن و گەورەکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە ببێتە مایەی تێکچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێکی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاڕاستە و ڕێڕەوەکانی ئاو تێیدا>. پێش ئەم قسەیەی سەرۆکی پەرلەمان ڕێواس فایەق، هاووڵاتیانی دارەتوو بەئاشکرا لەبەردەم کامێراکاندا باسی ئەوەیان کرد چۆن شوێنی ئاوەڕۆکان کراون بەخانوبەرەو هیچ دەرەچەیەک بۆ باراناو نەماوەتەوە. ئەمەش بەتەنها ناخرێتە سەرشانی کۆمپانیاکان و دەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا بەرپرسیارێتییەکە بخرێتە سەر شانی حکومەت کە بۆ تەماهی کردن لەگەڵ شارێکی ناو بیابانی وەک دوبەی، شاری هەولێری مێژووی خستوەتە ژێر گەورەترین مەترسییەوە.
لێرەدا سێ خاڵی گرنگ هەن کە دەربڕی نەزانی و بەرچاوتەنگی ئەندازیاری بە <دوبەی>کردنی هەولێرن، (کاری ئەندازیارە مەدەنییەکان تەنها جێبەجێکردن بووەو هیچی تر) ئەویش بەهەند وەرنەگرتنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە لە نەخشەی فراوانکردنی شارەکەدا.
یەکەم: بەهەند وەرنگرتنی دابینکردن و بەکارهێنانی وزە لە دروستکردنی ئەو هەموو باڵەخانە زەبەلاحەی کە ئەمڕۆ هەولێری تەنیوەو دووریش نیە لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا ببنە کەلاوە.
دووەم: پشتگوێ خستنی دابینکردنی سەرچاوەی ئاو، لە کاتێکدا شارەکە جگە لە ئاوی ژێر زەوی، دوورە لە هەر دەریاچەو سەڕچاوەیەکی ئاوی ترەوە.
سێیەم و کۆتایی: حیساب نەکردن بۆ ئەوەی کە یەکێک لە دەرەنجامەکانی گۆڕانی کەش دروستکردنی دابارینی بەخوڕە، هەروەها لافاوی تروکە، واتە دابارین لە شوێنێکی تر دەبێت و لە چاو تروکانێکدا خوارەوەی خۆی دەخاتە ژێر مەترسییەوە، بەتایبەتی کاتێک لە دەرەنجامی وشکەساڵی بەردەوامدا، توێژاڵی زەوی ئەستوور دەبێت و لەکاتی دابارینی بەخۆڕدا توانای هەڵمژینی بارانای نامێنێت.
چارەسەریش بۆ ئەم مەترسییە، کردنەوەی ئاوڕێژەکانی شارو دەروبەرێتی، تەنانەت ئەگەر بە ڕووخاندنی ئەو هەموو (سیتی)یانەش کە حوکمڕانەکان شانازی پێوە دەکەن و لە ڕێگەیانەوە خۆیان دەوڵەمەند دەکەن، بەپێچەوانەوە هەولێڕ بەردەوام لە ژێر مەترسیدا دەبێت.