Alternate Text

ساڵیادی نەخۆشكەوتنی مام و ..

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد‌ 23/03/2021

١٧ی دیسەمبەر ئەو رۆژەی كە تارمایییەكی رەش باڵی بەسەر كوردستان و عێراقدا كێشا و سەمامی ئەمانەكەی لەدەستدا و چیتر خۆشبەختی بەخۆوە نەبینییەوە.
ئەو رۆژەی مام چیتر بەرگەی ماندوێتی و سەختیەكانی خەباتی سیاسی و كێشمەكێشەكانی نەگرت و لێدانی دڵە گەورەكەی ئەو پێشمەرگە و كوردپەروەر و شۆڕشگێڕٍ و رابەر و سیاسەتمەدارە ژیر و بلیمەتەی گەلەكەمان كەوتە دەست قەدەرەوە…!!
مامە گیان..
وا ئەمڕۆ كە رۆژی ئاڵای كوردستانە، ئەو ئاڵایەی كە تەمەنی خۆت لەپێناوی شەكانەوە و شكۆمەندیبونیدا بەخشی، هاوكاتە لەگەڵ نۆ ساڵ بەسەر بیرەوەری نەخۆشكەوتنتدا و ئەتوانم بڵێم لەو رۆژەوە زەمانەتی بەرز راگرتنی شكۆی ئاڵای كوردستان نەماوە، گەلەكەشمان لەدوای تۆی خەمخۆر و پارێزەری مافەكانمان، وەك پووشێكی لێهاتووە بەدەم باوە ..!! ژیانێكی سەخت و رۆژگارێكی پڕ لە نەهامەتی و ئایندەیەكی نادیار باڵی هەڵكێشاوە بەسەر هەرێم و عیراقدا، مامە گیان لە ماوەی ئەو نۆ ساڵەدا نەك هەر بەرەو پێش نەرۆیشتووین، بەڵكو پاشەكشێشمان كردووە و تەنانەت بەو هەموو موزایەدە و دروشمە بریقەدار و تەپڵ لێدان و هاتوهاوارەشەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیش دابین نەكراون..!! مامە، نەك هەر كیژۆڵە شنگالییەكان كە لە بازاڕی رەقەدا فرۆشران هێشتا كەنیزەكن، بەڵكو هەر دوێنی تەرمی كیژۆڵەیەكمان لە خاكی پیرۆزی خۆماندا بەبێ ناونیشان ناشت ..!!
مامە، لەسایەی سەری كۆمەڵێك بازرگان و بەرژەوەندیخوازەوە نە بستێك زەوی ماوە، نە گۆیژە، گۆیژەیە و نە كەسیش ئەتوانێت پۆزێك لە جادەی پۆزەكە لێبدات ..!! سەرچنار بۆتە مێژوو، عێنكاوە بۆتە سەرگزشت، قەڵادزە ساڵی جارێك یادی ئەكەینەوە، ئەنفال و هەڵەبجە هەر بوونەتە مەراسیمێكی یەك چركە وەستان بۆ گیانی پاكیان، كۆیە ناوی نەماوە، گەرمیان مەگەر بە گۆرانی ناوی بێتە ناو ناوان ..!!
مامە گیان، گوتیان هەولێر دەكەنە دوبەی، بەس داخەكەم كردیانە دەریای ئیجە..!! وا هەمووان سەرقاڵی دۆزینەوەی لاشەی (دانەر)ی تەمەن 10 مانگانن كە لافاوەكەی هەولێری بە دوبەی كراومان لەگەڵ خۆی بردی، نازانم ئێستا لافاوەكە گەیاندویەتیە پەنا كام تاشەبەرد و لەكام دۆڵ و شیو و كەناری كام گوند و بناری كام كێو و چیا نیشتوتەوە ..؟.
مامە، وتمان سلێمانی ئەكەینە پایتەختی رۆشنبیری، لەسایەی سەری كوڕی مەسئول و ئەو هەموو هێز و میلیشیا رەنگاوڕەنگەوە كردوومانەتە تەكساس، وتمان كەركوك ئەكەینە شاری پێكەوەژیان، كردومانەتە شاری رق و كێنە و سەد بەرەكی، وتمان سەری بادینان بەرز ئەكەینەوە، بەس هەموو ئەو بادینانەی كە داوای مافی رەوای خۆیان و خەڵكیان كرد، بە شەش ساڵ و 10 ساڵ سزا دران و خرانە كونجی زیندانەوە. وتمان بەغدا ئەكەینەوە بە (باغی داد)، بەڵام بۆتە مەیدانی زۆرانبازی و فركان فركانی وڵاتانی بێگانە و كوتلە و حزب و لایەنە سیاسییەكان..!!
مامە گیان، سەردەم گۆڕاوە، نە مەبد‌ء بوونی ماوە و نە كەس بەكەسە و نە هەرێم هەرێمە و نە عیراق، عیراق .. گەورەم لەگەڵ هەر هەموو ئەوانەشدا پێویستە راستیەكیت پێ بڵێم كە هێشتا تروسكاییەك هەر ماوە....
یادو یادەوەریت بەخێر رابەرم
بەڵێن بێت لە رێبازی پیرۆزت لانەدەم ..
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد