هەموو گەلی کورد چاوەڕوانی دەنگەکانتانە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد 23/03/2021
با چیتر کەرکوک و کەرکوکیەکان باجی پیلانی ئەو لایەنانە نەدات کە دەیانەوێت بەرنامەی نەیارانی کەرکوک لە قودسەکەی کوردستان جێبەجێ بکەن
سات بەسات هەنگاو دەنێین بەرەو پرۆسەیەکی تری دیموکراسی کەئەویش دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە هیوادارم لەبارودۆخێکی ئارام و سەقامگیر و پڕ شەفافیەتدا بەڕێوەبچێت.
جەماوەری خۆڕاگر و کەرکوکییە سەربەرز و دڵسۆزەکان، هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ کەرکوک چارەنوسسازە و بەشداریکردن و متمانەدان بە لیستی ١٤٢ ی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمان، جارێکی تر کورد دەخاتەوە سەرپێی خۆی و جڵەوی دەسەڵات لەو پارێزگایە دەگرێتەوە ئەستۆ، باشترین دەرفەتە بۆ چارەسەرکردنێکی دیموکراسیانەی کێشەکان و کۆتایهێنان بەو نادادییەی ساڵانێکە ئێوەی کەرکوکییە رەسەنەکان پێوەی دەناڵێنن.
بۆیە ئیتر کاتیەتی ئێوەی دڵسۆز و سەربەرز، بەشداری چالاکانە لە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکەدا بکەن، لەپێناو بونیادنانەوەی زیاتر و خزمەتێکی باشتر و ژیانێکی باشتر، کە شایستەی کەرکوکییەکان بێت، بێگومان هەر لیستی ١٤٢-ە کەبتوانێ بەبێ جیاوازی خواستی کەرکوکیەکان بهێنێتە دی و خزمەت و ئاوەدانی و گیانی پێکەوەژیان لەکەرکوکی قودسی کوردستان بهێنێتەکایەوە.
دڵنیاو هیوادارم كە ئێوەی كەركوكییە تێكۆشەرەكان بە گوڕو تینەوە دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و ویژدانی خۆتان دەكەنە حەكەم و ڕووباری خوێنی شەهیدانی یەكێتی و قوربانیدانتان لە بیر دەبێت لە هەڵبژاردنی كاندیدەكانتاندا سیاسەتی حەكیمانەی مام هەڵدەبژێرن و لەم پڕۆسەیەدا مورافەعەكەی مام جەلال بۆ سەلماندنی كوردستانیبونی كەركوك بەرجەستە دەكەنەوە.
کەرکوکییە سەربەرزەکان، سەرخستنی هاوپەیمانییەکە زامنی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ شارەکە دەکات، وەک هەمیشەش لەهیچ بارودۆخێکدا پشت لە خاک و خەڵکەکەمان ناکەین.
هیوای سەرکەوتنتان بۆ ئەخوازم، هەموو گەلی کورد چاوەڕوانی دەنگەکانتانە با چیتر کەرکوک و کەرکوکیەکان باجی پیلانی ئەو لایەنانە نەدات کە دەیانەوێت بەرنامەی نەیارانی کەرکوک لە قودسەکەی کوردستان جێبەجێ بکەن و کوردستانی بوونی کەرکوک بخەنە تای تەرازوە ژەنگاوییەکانیانەوە.