Alternate Text

ئەسڵی مەسەلەکە

دڵشاد ئەنوەر‌ 23/03/2021

هێرشکردنە سەر گرتوخانەی غوێران لە حەسەکەو هەوڵی ئازادکردنی داعشە زیندانیکراوەکان، گرێدراوی ڕووداوەکانی عێراقن، واتە ئەوەی لە حەسەکەو عێراق دەگوزەرێ، دوو دیوی یەک دراون.
ڕووداوەکانی حەسەکە، بەرپرسانی عێراقی زیاتر تۆقاند وەک لە سوریا، هەر بۆیە خێرا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی گەیاندە ناوچە سنوریەکان و هەندێکی تر لەبەرپرسانیش ترسی خۆیان نەشاردەوە، چونکە زانیاری لەسەر جوڵەو هەنگاوەکان هەبوو.
هاوکات لەگەڵ هێرشی سەر گرتوخانەی حەسەکەدا، پلانی پەلاماردانی شەنگال و ناوچەی حەزەر و چەند شوێنێکی تری عێراقیش هەبوو، بەڵام پلانەکان تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
ئەسڵی پلانەکە دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە، ناوەڕۆکەکەشی بریتیە لە سود وەرگرتن لە ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەو دروستکردنی هەرێمێکی سونی، بۆیە گەر دیقەت بدەین، تا پێش هەڵبژاردن، حەلبوسی لە میسر و کەنداو و خەنجەریش لە بەرەی ئێرانەوە نزیکبوو، بەڵام دوای هەڵبژاردن بەشێوەیەکی کۆنکریتی یەکخران.
ڕەنگە بپرسرێ، هەرێمی سونە و داعش چ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە هەیە؟
داعش خاوەن چەک و هێزە، دروستکردنی هەرێمیش بە ئاشتی ڕوونادات، بۆیە پلانەکە بەوشێوەیە، هەم داعش بۆ دروستکردنی هەرێمەکە بەکاربهێنرێ، هەمیش لە ڕێگەی هەرێمەکەوە داعش جڵەو بکرێت.
هێزە شیعەکان لەم پلانە تێگەیشتوون، بۆیە گەر لە ڕێگەی گفتوگۆوە بێت، یان هێز و هەڕەشە، دەیانەوێ بەهەر نرخێک بێت، بەشداربن لە حکومەت دا.