Alternate Text

سەد ساڵ دوای چەوسانەوە کاتی ئەوەنیە بەیەکسانی بژین؟

داره‌وان حاجی حامید‌ 23/03/2021

پاریس ئەمساڵیش لە رۆژی هەشتی مارسدا بە لیستێکی خەمناکەوە ئەم یادە دەکەینەوە، کە لەلایەن دەزگاکانی چاودێری بارودۆخی ژنان لە جیهاندا تراژیدیای بەردەوامی توندوتیژی دژی ژنان، دەستدرێژی بە هەموو جۆرەکانیەوه‌، ناهاوتایی و پێشێلکردنی مافەکانیان لەسەراپای جیهاندا بەتایبەتی لە جیهانە دواکەوتوو و ژێر دەستەی دەسەڵاتە نەریتی و دیکتاتۆری و ئایینی و پیاوسالارییەکاندا نیشاندا، کە هێشتا ئەم نیوەیەی مرۆڤایەتی زۆر دوورە لەوەی هاوتای نیوەکەی دی بژی. ئەو لیستەی پێمان ئەڵێت رۆژانە ٦٠٣ ملیۆن ژن لە هەندێک وڵاتی جیهاندا توشی ئەشکەنجەو لێدان و سوکایەتی ئەبنەوە کە لەو وڵاتانەدا توندوتیژی دژی ژنان (تاوان) نییە. ٧٠٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا پێش تەمەنی شانزە ساڵی بە شوودراون. ١٣٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا خەتەنە کراون. لەهەر دە ئافرەتێک لانی کەم یەکێکیان لە جیهاندا روبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆتەوە. ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار ژن بە تاوانی شەرەف ئەکوژرێن. لە پانزە وڵاتی جیهان ژنان بەبێ ڕەزامەندی باوک یان مێرد بۆیان نییە نە کار بکەن نە سەفەر. لە حەفتاو نۆ وڵاتی جیهان هێشتا ژنان لەڕووی کارو موچەوە لەگەڵ پیاوان هاوتا نین و مافی هەموو کارێکیان نییە. زیاتر لە ٤٥ ملیۆن ئافرەتی لەشفرۆش لە جیهاندا هەن کە زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان سیانزە تا بیست و پێنج ساڵدایە. لەو کۆمەڵگایانەدا کە بەر هێرشی تیرۆریستانەی هێزە ئیسلامییە جیهادیەکان کەوتوون، ئافرەتان قوربانی یەکەمن و جگە لە کوشتنیان ئەکرێنە بابەتی کۆیلایەتی و فرۆشتن و دەستدرێژی بەردەوامی سێکسی. نیوەی کۆمەڵ و دایک و پەروەردگاری نیوەکەی دیش کە تاکە خواست و پرسیاری لەپیاو ئەوەیە کەی ئەمیش ئەبێتە خاوەنی جەستەی خۆی ؟ دوای سێ سەدو شەست و چوار ڕۆژ لە ماندوویی پێنەزانراو و لەبیرکراوی نیوەکەی دی، هەرگیز یەکسان نەبوونیان بە پیاو، لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان چیان لە پیاوان خواست و بە چ ئومێدەکەوە چاوەروانی ساڵێکی نوێیان لێ ئەکەن؟ ژنان بێ ئومێدن کە پیاوان پاش چەندین سەدەی پێکەوە بنیاتنانی شارستانیەتی مرۆڤ، لە داوا سادەکانی ناخیان بگەن، کە ببنە هاوڕێی ڕاستەقینەی ژیان و بنیاتنەری هاوبەشی خێزانەکانیان و خەم و ئارەزووەکانیان. ئەو پیاوانەی کە جگە لەو ساتانەی شەو نەبێت کە بەتەنیشت هاوژینەکانیانەوە (راستتر ژنەکانیانەوە) پرخەیان دێت، ساتەکانی دی ژیانیان لە دەرەوەی جیهانی هاوژینەکانیانەوە بەسەرئەبەن، تەنانەت لەو تاکە رۆژەشدا پیاوەتیان لە عەرشی باڵادەستی بەسەر نیوە قوربانییەکەوە تا ئەو ئاستە دانەبەزێت کە دان بە سێسەدو شەست و چوار رۆژی تەنیایی و ناهاوتایی و چەوساندنەوەی ژناندا بنێن. بۆیە ژنان چیرۆکی بە قوربانی بوون و هەتککردنی جەستەی لێسەندراویان لە رۆژی مافەکانیدا بە تەنافی تاوانەکانی نیوە نێرینەکەدا هەڵئەواسن، بێ ئەوەی چاوەڕوانی و ئومێدی باشبوونی ژیانیان لە کۆمەڵگەیەکی جیهانی ژێر دەستی پیاواندا بکەن. ژنان هەموو ساڵێک هەر ئەوەندەیان پێ ئەکرێت کە بیری باوک و براو هاوسەرو مام خزم و ئەو نیوە باڵادەستە بخەنەوە، بۆچی لەسەرەتای مرۆڤایەتییەوە بەرگی نیوەیەکی پێشێلکراو و چەوسێنراوەی بە ژنان بەخشیوە؟ وەک ئەوەی ژیان لە گوناهێکەوە دەستی پێکردبێت کە مرۆڤی لە بەهەشتەکەی خوداوە فڕێ دایە سەر زەوی و تیایدا مێژووییەکی مرۆڤایەتی نوسیەوە کە بە چەوساندنەوەو سەرزەنشتکردنی نیوە مێینەکەی دەستی پێکرد. پیاوان مێژووی کوشتارو تراژیدیاکانیان خوڵقاندو ژنانیش قوربانی سەرەکی بوون. پیاوان خوڵقێنەری ئایینەکان بوون کە غەزەب و نەفرەتیان بە نیوە وونبووەکەی خۆیان بەخشیوە. لە سەرقاڵی بەیاننامەی حیزب و رابەرە سیاسییەکان بە یادی ڕۆژانی ڕاپەڕین کە ئەزمونێکی شکستخواردوو ئاسۆ نادیاری پێبەخشین، لە شەڕی بێهودەی دژایەتی یەکتری و برسیکردنی خەڵکدا، لە پشت بانگەوازی کۆنفرانسە قەشەنگەکانی فێمینستە ناسکەکانی ئۆتێلە پێنج ئەستێرەکان و شاگەشکە بوون بە بزرکردنی خواستی سادەی ژنان لە هەڵگرتنی شەرەفی چەکی شەڕڤانی و گەریلایی و گواستنەوەی موڵکایەتی جەستەیان لە پیاوەوە بۆ مەسەلەو ئایدیۆلژیایەک کە هەر لە بنەڕەتەوە ژنبوونیان ئەکوژێت، ژنانی کورد چۆن ئەو رۆژەیان بەڕێکردو لەو جەنجاڵیەدا چەند ژنی دی بە بێدەنگی و بێ سزا کوژران و ئەشکەنجە دران و کەرامەتیان ڕوشێنراو سادە ترین مافی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە ؟ ژنانێک کە لە جیاتی خەون بە بوون بەشەڕڤان و گەریلاو چەکەوە ببینن ژیانیان وا جوانتر ئەکرد کە خەون بە خاوەندارێتی بوونی جەستەی خۆیانەوە ببینن وئەو موڵکایەتیە لە کۆمەڵگەو پیاوان بسەننەوە، چونکە هیچ ئازادییەک لە ئازادبوونی جەستە زیاتر مانایەکی نییە بۆ ئافرەت. دروشمی خۆپێشاندانی بزوتنەوە فێمینستەکانی فەرەنسا لە شەستەکاندا (جەستەم موڵکی خۆمە) بوو. بەڵام هێشتا دیارە ژنان لە جیهاندا دورن لەوەی کە جەستەیان موڵکی کۆمەڵ نەبێت، بە تایبەتیش ژنانی کورد لە فەزای جیهانێکی دیدا ئەژین کە تیایدا ئێمەی پیاوانیش زۆر دورین لەوەی ئیرادەی ئازادکردنی جەستەی ژنانمان هەبێت و ئەو موڵكەیان پێ بدەینەوە، چ نەبێت با لێگەرێین بە برینداری بە تەنافی کەرامەت و پیاوەتی ئیمەدا هەلیواسن و خوێنی لێبچۆرێت. بۆیە لە رۆژی هەشتی مارسدا، بە پیاوان دەڵێم کە هەزار ساڵە ئێمەی پیاو ژنان ئەچەوسێنینەوە، ئایا کاتی ئەوەنیە دوای سەد ساڵ چەوسانەوە لەگەڵ ژنان بە یەکسانی بژین ؟ یان لانی کەم پارێزگاری لە خۆیان بکەن ؟ لە هەشتی مارسدا سڵاو دەنێرم بۆ كچه‌ ئازاو ئازاده‌كانی كوردستان، له‌ پێشمه‌رگه‌ و فیداكاره‌كانیان، دڵنیام کە دەتوانن شان به‌شانی رۆڵه‌ به‌جه‌رگه‌كانی ئه‌م گه‌له‌، به‌ زیندوێتی و كارایی و هه‌ست و نه‌ستی به‌رزی خۆیان، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داهێنه‌ر، پڕ له‌ گه‌شه‌و، نیشتمانێكیی زیندوو، ئاوه‌دان و ئازاد بۆ کوردستان و هەرێمی کوردستان به‌رهه‌م بێنن.